برایمۆک و گۆرانیی بەفر و منداڵیم

پێشکەشە بە هاوڕێی شاعیر کاک «ئەنوەر قادر محەممەد»
لە کتێبی:
دوو سروودی کێوی
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 12 خولەک  1432 بینین
عیشق ئاگرێکە، بەر بووە هەر کەس دەبێ بە کەس
گەر ڕۆژە ڕەش وەکوو شەوە بێ، بوو بە شەوچراغ
«مەحوی»
تەوێڵی شاخ لاپەڕەی بەردینی سەرتە، ڕووم لەوێیە
ئەو گەوانەی کە باڕێزە و ڕنۆ بەفر، تۆفی شیعر و
کڕێوەی ئەم زەمانەیان لێ نووسیوە، ئەیخوێندمەوە
ئەیخوێندمەوە و بەڵام سەرنج لەسەر شەختەی هەڵئەخلیسکێ.
دوودڵ مەبە، چاوم هێشتا لە بنارتا پێڕەوکەیە.
خۆی بە لقی دارگوێزەکانی دامێنت ئەگرێتەوە
سەرم ناخەی؟ هەتاکوو وردتر بمەوە لەو تەوێڵە.
سەرسامتر ئەبێ گلێنە، وەک بینی ئاو هەڵئەلەرزێ.
ڕووم لە تۆیە، بەفر ئەنوێ؟ ئەمەوێ بچمە ناو نیگای
ئەو هەورەوە هەموو ڕۆژێ خۆی لە کاکوڵ و پەرچەمی
خاتوو پەری ئەئاڵێنێ و بۆ برایمۆک ئەتوێتەوە
بچمە ناوی بە گوڵی شۆڕانێ ئەگەم، پەڕەی دڵی
ماچ ئەکەم و ماچت ئەکەم، کوانێ دەستت، سەرم ناخەی؟!
من ئەزانم تۆ برووسکەی کێویت دەستەمۆ و ماڵی کرد
تەم ناتگرێ، ڕامەمێنە، ئەی تۆ لە تۆفان نەبوویت و
چەمە گوولەی مەرگەوەڕت یخ نەدا بۆ دەنگی خانی؟!
ڕووم لە تۆیە، ڕووم پرسیارە، خۆشەویستیت وەرامێکی
باڵنەخشینە کە ئەسووتێت ئینجا ئەفڕێ و ئارام ئەگرێ.
ڕامەمێنە، ڕوخسارم دەمامک نییە فەرهادێکی
درۆزنە خۆی لە شەوی لۆچەکانیا حەشار دابێ
مانگێکە سەوز لەناو زەردەیی دەموچاوی ئاوتا ئەنوێ
ئەو گەوانەی کە باڕێزە و ڕنۆ بەفر لێی نووسیون
ئەیخوێندمەوە، بەڵام سەرنج لەسەر شەختەی هەڵئەخلیسکێ
سەرم ناخەی؟ هەتاکوو وردتر بمەوە لەو تەوێڵە
سەرسامتر ئەبێ گلێنە و وەک بینی ئاو هەڵئەلەرزێ.
ڕامەمێنە!
دەمەتەشوێ و نووکەپاچی
هەزار- فەرهادی دەمامک -
شکان، پەڕیین
بەڵام تەڵزمێ لە حەرفی ناوچەوانی
تۆ نەبۆوە
تەوێڵ بشکێت
سەر ئەنەوێت
تەماشاکەن: خۆشەویستیی
من و پەری چەند زەریایەکی بەرینە
هەموو دنیا جۆگەی ژانی لێ هەڵئەگرێ و
هێشتا پڕە.
تەماشا کەن، ئەوینێکی چەند بەرینە!
***
کوانێ دەستت، سەرم ناخەی؟!
مانگی ئاڵی دڵداریم و مانگی سەوزی
هەژارەکان، ئەیانەوێ لەناو بەفرا
ئاهەنگێ بۆ:
«پەری خان»ی تازەبووک و
«برایمۆک»ی تازەزاوای تۆ بگێڕن
دەست لە گەردن لووتکە بکەن.
ئای لەو وەرزەی
خەم لە دەستی دۆی درەختا
هەڵئەپەڕێ و ڕیشی سپیی خانی و، بەفر
بەیەکەوە ئەستێرەی سەوز و سوور ئەگرن.
***
پەری خان حەیرانی ئەوت
ڕووی لە تۆ بوو:
تێی چریکان
شەوێک عەشقێکی ئاوارەت
بە بیابانی دڵێکدا تێپەڕ ئەبوو
عەشق سەرخەوێکی شکان
کە ڕۆژ بۆوە، لەو جێیەدا
خەون بووبوو بە کانیاو
مەل درەختی خۆی دۆزیەوە
درەختیش بوو بە نیشانەی
ئەو عەشقانەی خۆیان لە ڕێی
چاوی بەفری تۆدا سووتان.
***
برایمۆک
دەستی نایە بن گوێی لاوک
تێی چریکان:
بەفر نانوێ
بنووستایە
کوێرەکانیی
ئەژیایەوە؟
بنووستایە
کوێستان ئەبوو
بە هەواری قاسپەی سووری؟
بنووستایە
ڕووبارەکان نەئەخنکان؟
***
برایمۆک چاوی لێ بوو
بەفر ئەباری و لەبەر گڕێکی دزراودا
درزێک ماری دەروونی خۆی دەرهێنابوو
هەتا گەرمی بکاتەوە،
ڕیز ڕیز کلوو هاتنە خوارێ
ئەگەیشتن، نەئەگەیشتن
ئەتوانەوە
هەزاران کلوو بوون بە ئاو
تا ئاگریان کوژانەوە!
***
تەوێڵی شاخ لاپەڕەی بەردینی سەرتە، ڕووم لەوێیە
ئەو سروودە سپییانەی ئەو لەناو دەنگما ئەیبارێنێ
کە خۆرەتاوی شیعرێکم لێیان ئەدا، ئەبنە هەڵمی
توانەوەی خۆشەویستیم و بە خەرەندی قووڵی ناخما
هاژە ئەکەن، چاو بگێڕن، لە کەفچەڕێنی شەتاوی
ئەرخەوانی ناو زەڵمدا، هێرۆی عەشقم ئەبیننەوە
چاو بگێڕن، لە سامناکیی دارستانە تووڕەکاندا
ڕەگی قووڵی ئێشی خانیکەس و حاجیی کۆیەکەسم ئەدۆزنەوە
زەنگی کاروانی سەر بەفرە، ڕێ ئەکات و گوێ ڕاگرن
دەربەندەکان هاوار ئەکەن «ئەمە ڕێچکەی گوڵەستێرەی
شیعرەکانن تێپەڕ ئەبن، کوڕی شەختەن، کچی باران و ڕەهێڵەن»
زرنگەی ئەم لە دەربەندا و خرمەی ئەویش لەژێر قاچی
خێڵی گڕدا، پۆلە کەوی لاپاڵەکان هەڵئەفڕێنن
کە هەڵفڕین، قاسپەش ئەفڕێ و هۆزی دڵدار
بەیەکەوە سەر بۆ ساماڵی تەوێڵی تۆ هەڵئەبڕن
بەفرانبارە، میر دەڵێ: «بەو مانگی کانوونێ
بەو چلووی زستانێ، دەبێ بڕۆی، دەرتئەکەم
لە وڵاتێ» برایم دەڵێ: لە خۆم بێئیختیارێ
لێم بگەڕێ، هەتا نەورۆزێ و بەهارێ
ئەتۆ گولێک بووی. گول لەوانەی نەفرینە
خاتوو پەری خان دەڵێ: برایم لەکنم زستانێ سەختە
مردن بۆ تۆیە، خەم بۆ منی ماڵوێرانێ
بەفرانبارە و لەم مانگەدا
چیا ئاشنای ئەو ئەوینە سەوزانەیە
مل بە تۆفانەوە ئەنێن
لەم مانگەدا شاخ ئەیەوێ
کوڕەکانی خۆی بناسێ
ڕەشایی هەرچی ڕەوەز و ملە و کاوانێکی هەیە
لە سەهۆڵ و زوقم ئەگرێ
کە کڕێوەی ناردە دەرێ
بانگیان ئەکات
نیشانەیان بۆ دائەکات
کێ پێشتر هەڵیبگرێت و بیبات بیدا
لە کێلەکەی «برایمۆک»
پەری خانی کچی بەفر، ئەو ئەیخوازێ و
لە نەورۆزدا بووک ئەباتە
هۆبەی دەمی گوڵانەوە!
***
برایمۆک زیندوو بۆوە و ئەم جارەیان بوو بە شاعیر
شەو زەریایەکی سپییە و ئێجگار مەنگە
لەو دیوەوە بەفر ئەبارێ، لەم دیوەوە
توێژاڵێ تەم بۆتە تانە، لەسەر چاوی پەنجەرەکە
لەو دیوەوە، گڕی دووری - هەیبەت سوڵتان -
وەکوو چاوی پشیلەکەی ئەم دیوی ناو تاریکاییی
بنی هەیوان، بریسکەی دێت. لەو دیوەوە
درەختەکان کۆماوەی ژێر لەشی بەفرن
لەم دیوەوە «حاجی قادر» گڕی چاوی خۆشتر کرد و
هەستایە پێیان، ئازارێکە و پیاسە ئەکات، بە لەپی دەست
تانەی سڕی ئەو دیو هاتە ئەم دیوەوە، لەگەڵ بەفرا
چاو لە چاوی خۆشەویستیی پەری خان گیان ناترووکێنن
بێدەنگییەک بوو بە شیعر
بەفر وتی:
-تۆ نانوویت و منیش نانووم
من دڵدارێکم دوژمندار
چاوێ لێکنێم
تەوێڵی بەرزم دائەنێم
ئەی تۆ بۆچی؟
حاجیی وتی:
-من ئێشکچیی یارەکەتم، لەو ڕۆژەوە ئەو پێی وتم
بەفر دڵی داوە بە من، لەو کاتەوە شیعرم چرای
داگیرساوی سەر تەوێڵتە و هەتا ئەمرم
خۆشەویستیت لە کاروانی
ئەم دەروونە کۆچەرەدا
پێشەنگێکە و لە دوایەوە، مەنزڵ مەنزڵ
ڕێی سووتانی لەگەڵ ئەبڕم.
شەو گۆمێکی سپی و مەنگە، حاجیش باڵایەکی سوورە
لەناو ئەودا دێت و ئەچێ، زامی دڵی ئەترووکێنێ.
ئازارێکە و بە چوارمشقی دانیشتووە. قەڵەمێکە و
لە گیرفانی «کۆیە»دایە، پرتەی چراو لێدانی دڵی وشەکان
لەیەک وەختا لەسەر ڕانی کەوتنە سەما
ئەگەر منم لە فیراقیان کزەم لە جەرگەوە دێ
ئەگەر دڵە وەکوو جەرگم دەڵێی ئەوا سووتا
هەناسەی بەیتێکی تازە بوو بە هاڵاو
ڕۆیی و خۆی نووسان بە چاوی پەنجەرەوە
توێژاڵی تەم هەردوو دیوی لەیەکتری دابڕیوە
لەو دیو بەفر هەر ئەبارێ و ئەنیشێتە سەر زەمینی
بەخشندە دەست، لەم دیو قەڵەم بەژن و باڵای
خەمەکانی کورد ئەپێوێ، بەناویا شۆڕ ئەبێتەوە.
لەو دیو ترووسکە دوورەکەی هەیبەت سوڵتان
کز بوو
کزتر
کوژایەوە
بەفر نەنووست، لەم دیویش چاو، چاوی حاجی برایمۆک
ئەویش نەنووست
بەفر لەو دیو، وشە لەم دیو
بەیەکەوە ئەبارێن و، گشت ئەندامی
لەشی سروودی ئەم خاکە شیرینەیان
سپیی ئەکرد!
***
ئەوا ئیستەیش شەختەڕێیە
دەریاچە بەستی و ڕێوییەک
پێش کاروان کەوت
لەناو ئاوێنەی سەهۆڵدا
سەری ئەسپە کەحیلەکان گەورەترن
باڵای دڵدار بڵندترن
سەلکەڕێشم و ڕەخت و قەڵپۆز
لەناو ئەودا زۆر جوانترن
تەقەی سم و پڕمە و کوڕژن
هۆبەهۆ و هاواری خێڵی برایمۆک
دارستانی ئەو دەنگانەن، تێکڕژاون
بەفر ئەبارێ، کلوو پەپوولەی وەریوی
سەر ڕدێن و سمێڵ بابڕی کوڕگەلن
تارماییی میر کەوتۆتە دووی جێپێ و جێسم
ڕێوی بە سەر سڵێکی کرد
ڕێوی کلکی ترسی بزواند
ئا لێرەدا سنگی سەهۆڵ قڵیشاوە.
گەڕایەوە
کاروان ڕۆیشت
تارماییی هات، شریخەیەک، دوان و سیان و
بوومەلەرزەی قرمەژن و هەرەسی دوور
تا ئاسمانیش هەوری لۆکەی
خستە ناو کونە گوێیەوە
برایمۆک نەگەیشتە جێ
ماچومووچی گوڵ و بەفرە
گوڵ و بەفر، تابلۆیەکیان لەناو سەری
مندا نەخشان
ڕەشەبا هات، بردی و لەسەر
تەوێڵی شاخ شەکانیەوە
بەفر تارای گرتۆتەوە
بەفر ناوی پەری خانە
لەناو ئاوێنەی سەهۆڵدا
ڕەنگی سپی و ئەرخەوانیی
هەڵئەلەرزن و لەرزینیان
سەمای سروودی ناو گەرووی کێوەکانە
بەفر ئەبارێ
برایمۆک پاڵکەوتووە و
ڕووی لە دوندە
برایمۆک خەو ئەبینێ و
نەشنووستووە.
***
ئەم جارەیان برایمۆک ئەبێ بە من:
منداڵ بووم و بەیانییەک چاوی سەرسامیم هەڵگڵۆفت
ئەوا ڕیز ڕیز، هێمن هێمن
ئاسمان شتێکی زۆر سپی ڕۆ ئەکاتە حەوشەکەمان
هاوارم کرد: «دایە، وەرە شەککر باریی»
«ئەوە بەفرە، کوڕم بەفرە»
-دایە بەفر؟ ئەم میوانە تازەیە من یەکەم جارە کە ئەیبینم،
«دایە جوانە».
ئەچوومە بەر پەنجەرەکە، کلووم ئەژمارد
یەک، دوو، سێ، دە، پانزە نەئەژمێرران
خەیاڵە بچکۆلانەکەم باڵی ئەگرت:
«بەفر فرمێسکی فریشتەی هەورەکانە، وەکوو دایکم
ئەویش ئەگری، فرمێسکی پەری و فریشتە تەواو نابن
بەفر لەو لۆکەیەش ئەچێت
کە هەللاجەکەی ئەو ڕۆژە
بۆ ئێمەی شی ئەکردەوە
خوا هەللاجێکی گەورەیە»
خەیاڵە بچکۆلانەکەم گەورە ئەبوو:
«دنیا پاڵتۆیەکی سپیی زۆر ئەستووری لەبەردایە
شەو سپییە، بەفر قژی منداڵانیش وەک باپیرە
سپیی ئەکات، گەڕەکەکەمان سپییە، هەموو شتێ
هەر سپییە
بەڵام کراسەکەی دایکم
ئاخ! بەتەنیا هەر ئەو ڕەشە!»
لە گێژی ڕێشکەوپێشکەدا، چاوەکانم
وەک بەربینی چۆلەکەی بن گوێسوانەکان
ماندوو ئەبوون
بەفر خەوی لێ ئەخستم
شەوێکی تر
هۆ دایە خان! بەفر چیرۆکێکی سپیی ئاودامانە
بیکەرە بەر ئەم شەوانە
دایە خان گیان! گوێت لێ نییە
وا ئەسپەکەی «برایمۆک»
لەبەر ماڵی «پەری خان»دا ئەحیلێنێ؟
خرمەخرمی تەرزەی چاوی خاتوو پەری
لاواندنەوەی گوێبانیژە و سەر سەربانە؟
هۆ دایە خان! داپیرە گیان
کەڵە پشکۆی ناو ئاگردان
چاوی سووریان تێ بڕیوین
مێوژەڕەشکە لەگەڵ ڕێی نەهاتا خۆشە
دەست پێ ناکەی، هەبوو، نەبوو
دەست پێ ناکەی؟
تەماشا کە بەفر هاتۆتە ژوورەوە
گوێ ڕاگرێت بۆ بەیتی خۆی و هەڵەکۆک
تەماشا کە وردیلەکان
گوێ قووت، گوێ قووت
چۆن بۆت هاتوونەتە سەر چۆک
دایە خان گیان! دامەچڵەکێ
ئەوە بەڕوون و ئەتەقن
هۆ دایە خان! داپیرە گیان!
بەفر، بەڕوو، کەڵەپشکۆ
نەبن چیرۆکەکەت
زۆر زوو ئەمرێ!
***
ئەم جارەیان برایمۆک شاعیرێکی دوور وڵاتە
زامەکان ئەنووسێتەوە، ڕووی لە تۆیە:
سلەیمانیشوێن کچی بەفر، دەزگیرانی وشەی سەوزە
ئەی هۆنراوە کەڵەگەتە چاو ڕەشەکەم!
ڕووم تێ نەکەی،
ڕازەکانم لەناو چاوتا دانەگیرسێن
ڕوو وەرگێڕی، تاریک ئەبم
بەفرانبارە و لەم دەمەدا خۆشەویستیم
سەهۆڵە ڕێی شوانی خەمتە
بەفرانبارە و کۆڵوانەکەت
ئەرخەوانێکی مل بەکوێن
لەناو دڵما گرتوێتییەوە!
ئەوا هاتن پۆلە کەوباڕی ئەزمڕت
بۆ دیدەنی شیعرێکی من، ئەوا هاتن
ئەوا منیش سنەوبەرێکم خستە ڕێ
بۆ پێشوازیی، وا گەیشتن
وا هاتنە ژووری ژوورەوەی
ناو ئەم سنگە شەقارەی من.
ئەی پەری خان!
عەشقت بەفرە و دڵم کوێستان
لە هەر کوێ بم، لە هەر کوێ بی
نە تۆ ئەچیتەوە و، نە دڵ
لە کلووت جیا ئەبێتەوە!