کۆچ
لە کتێبی:
دوو سروودی کێوی
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
29 خولەک
2812 بینین
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی ھیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عبوور
نالی
سەرت بەخشی بە ڕەشەبا و ئەویش کردی:بە ساباتی ئەو لووتکانەی
بە سەر پێدەشتی ئاوێنەی دڵدارانا
ئەیانڕوانی
نەتئەزانی؟!
نەتئەزانی سەرت گەواڵە هەورێکە
ژانی ڕەهێڵە و کوڕژنی برووسکەکان ڕایئەژەنێ؟
نەتئەزانی ئەبێ بچیتە تاریکیی
چاوانتەوە و گریانی خۆت داگیرسێنێ؟!
وا تۆی ئەویست!
«پەری»، بە تەنیا شەونمی بزەی لێوی مانگەشەو و
دڵۆپی گۆی ورشەداری مەمکێ نییە
مژینی دەمی ئارەزووت دامرکێنێ!
پەری، بە تەنیا قەڵبەزەی
لەشێک نییە
بینی پیاوەتی پێوە نێی
بیخۆیتەوە و بیخۆیتەوە
تا تێر ئەبی و لەسەر گازی پشت بکەوی و
بڵێی: ئۆخەی حەسامەوە و
ئەستێرەیەکم دڵنیا لە جریوەی
داهاتووم و خەو ئەبینم.
ئەستێرەم و ئەبمە بازنێ لە دەستی
«پەری خان»دا و بڵێی:
وەرزی فریشتەیە و
کۆتاییی هات ڕشانەوەی سەرزەمینم
نەء، پەری خان تریفەکەی ئەشبێ بە گڕ،
نەشبێ بە گڕ، ئەتسووتێنێ!
ئەتسووتێنێ و خۆڵەمێشی ئێسقانیشت
ئەدا بە دەم زریانەوە.
نەء، پەری خان ئەشبێ بە خاچ و پیاوەتیت
بە بزماری پەنجەکانی
لەسەر سنگی دائەکوتێ!
بۆ پەری خان فەرهادکەس زۆرە،
بەڵام کێیە ئەژنۆ بە بێستوون دائەدا و
ڕووی ئاو بەرەو
ئەو زەوییانە وەرئەگێڕێ
کە مێروولەی وێرانەخاک تێیان ئەدا؟!
لەم دەمەدا هاوێرکردن لەنێوانی
شەو خۆی و تاریکەشەودا چاوی ئەوێ،
چاوێ دەزووی تەماشاکەی
بکا بە دەرزیی هەنگاوی ئەو ڕێیەوە
کە ئێش تەقەڵی دەروونی تێ هەڵئەدا
ئێش ئەتوانێ داڵدەت بدا.
ئێش ئەزانێ ماڵی بەربەیان لە کوێیە
ملی کام ڕێگایان ئەگری و چ گێژەنێ
ئەپێچیتە ناو دەروونی شەکەتتەوە و
بەربینی قوربانیت لە کام قولاپ
گیر ئەکەیت و بە کام تەوریان
شپرزەییت ئەبڕێتەوە؟!
وا پەری خان بەرەو زەنوێر لە کەژاوەی
بەهارێکدا کەوتۆتە ڕێ
هەرچی باخە لەگەڵیایە.
هەرچی داربەڕووی کەژانە
مەنزڵ
مەنزڵ
لەگەڵ ئەودا، ڕەگەکانیان ئەگوێزنەوە.
ئەرخەوانێ نەما خۆی نەکا بە چەتری
سەر سەری ئەو،
بە تارای ئەو.
ڕووبارەکان لە پێشیانەوە «سیروان»ە و
شوێنپێی کەژاوە هەڵئەگرن.
شەپۆلەکان ئاوێنەی پێش دەمی بووکن
سیمای هەزار سەرچاوەیان هەڵگرتووە.
پەری خان ڕۆی، دوو ئاوانیش لەگەڵیایە
وا گوێم لێیە
لە هەڵپەڕکێی شاییی بەفرا
لە سەرچۆپیی گوڵاڵەدا
لە کۆڕی سەمای - بالێی - پشکۆکاندا
لەنێوانی ماچی گوڵ و هەڵوەرینی
گەڵاکاندا،
لەنێوانی هاژەی دڵ و ڕۆخی تەنیای ئێواراندا
یەک یەک ئەڵێن
پەری خان ڕۆی
«کانی»م لە من ئەخواتەوە و
لە سپێنەی بنی مندا
ڕەنگی زیوینی ئەو هەڵدێ
لەنێوان مەمانی ئەودا هەڵئەقوڵێم،
هەڵقوڵینم شوێن مژینی دەمی فەرهادەکەی ئەوە
کە وشک بووم
وشک ئەبێ.
پەری خان ڕۆی، ڕۆیشتنی من چارەنووسە و
وا لە مابێنی مەماندا هەڵئەقوڵێ
من باڵندەی سەر درەختی
لەشی سەوزی
پەری خان بووم
لەسەر لێوی
هێلانەی - دەنگ -م دروست کرد
کە لەنجەی کرد
من باڵم گرت
پەری خان ڕۆی، نەڕۆم ئیتر
هەڵفڕینم، خۆی لە باڵم ئەکاتەوە
خۆشەویستیی
هێلانەکەم جێ ئەهێڵێ
نەڕۆم، نابێ بنیشمەوە!.
پەری خان ڕۆی، بنار ڕووت بوو.
بۆچی ئەڕوا و ڕاناوەستێ،
هەتا توێژاڵی برینی گوڵەکانی دێنەوە یەک
دەبا نەڕوا و پشوویەک بات!.
پەری خان ڕۆی، من گوێم لێ بوو
تارمایییەک
کە لە شێوەی دووپشکێکی باڵدارا بوو
کە لە شێوەی کوللەیەکی ئاگرینی
شاخدارا بوو
وای پێ ئەوت:
ئەبێ فەرهادەکەت من بم
ئەویش نەبم! لە دوو مەمک
مەمکێ بۆ من
لە دوو ماچدا، ماچێ بۆ من
پەری خان ڕۆی، کۆچی پەری بۆ ئەوە بوو
هەردوو مەمکی و دوو ماچەکەی
بۆ فەرهاد بێ!.
بیر کەرەوە پەڕەی شەپۆل
لە کتێبی زەریای سەرەتا، هەڵبەرەوە
ئەمە کۆچی چیاکانە، دەموچاوی «پەری خان»یش
ئاسمانێکە
باڵدارێکە
ڕووبارێکە...
ناونیشانی هەمووتانی لە بینینیا هەڵگرتووە
ئەیبا و ئەیبا
هەتا ئەیدا بە دەم گڤەی زریانەوە
ئیستە زریان لەناو دەنگیا
یەک لەدوای یەک
ناوی هەموو خنکاوەکان ئەنووسێت و
ئەینێ بە ناوچەوانی خۆرەوە.
تۆ ئامادەی کە بخنکێی تا پەری خان
هەردوو مەمکی و دوو ماچەکەی
بۆ فەرهاد بێ؟!
سەرت
بەخشی بە ڕەشەبا و،
شەو سوارێک بوو
لە پاشکۆی تاریکیی خۆیدا هەڵیگرتی:
لەسەر پشتی ئەسپی قەترانیی ئەم شەوە
کۆچ و باری هەرچی دڵداری ڕەوەندە دابەستراوە.
گۆرانییەک لە سەر زاری
لقوپۆپە
دەنگدانەوەی لە ئاسۆدا
لەناو سینەی چەمەکاندا
ئەبنە چیرۆک، ئەبنە داستان:
کۆچی یارمان، کۆچی سووری هەڵاڵەیە
کۆچی بەفری فریشتەیە.
بەهارە و خێڵ بەرەوژوورە
خێڵ: چرایە
چرا: چاوی داگیرساوی
ژوور سەری پەریی لەیلایە.
خێڵ ئێمەین و ئەم دنیایەش بۆ لەیلایە
تۆیش چیت ئەوێ؟!
ئێوەم ئەوێ
من هاتووم و نانی شەوم
تێشووی ڕێگەی پەری خانە
من هاتووم و ئازاری خۆم ڕائەخەم و،
تەمی تەنیایی و هەژاریم
ئەدەم بە سەری بڵندی پەری خاندا.
من تارای ئەوم لە تاڵی دەنگێ چنی
کە هاواری نێرگزەجاڕ
لە ئاواییی ئاگرەوە بۆی هێنابووم
فێری کردم:
بە مشت لەرزەی بوومەلەرزە
دەربێنم و بیکەم بە قوڕگی هەژاراندا:
هەژارینە!
کۆچی ئێوە سەرقافڵەی برسێتی بن
لەگەڵتانم.
کۆچی ئێوە بارگەی خەمی
زەرد و سووری تیا بخەن و
دەستی درەختی بێ ئاوی تێدا بگرن
لەگەڵتانم
خۆشەویستیم: لە کازیوەی هۆرەتانا
سەر دەردێنێ و ئەبێ بە پەڵەی
گەنم و جۆی ئارەقکردووی لەشی ئێوە.
گوڵەگەنمی هەرچی وشەی ناو دەفتەری چاومە
لە هیلاکیی بازووتانا سەوز ئەبێ.
ئێوە چاون
ئەچنە ناو چاوی منەوە.
هەژارینە
لە هەر لایەک ڕەگ و ڕیشەی ئێوەم بینی
سەرم لەپاڵیا داکوتی
لە هەر شوێنێ
شەپۆلتان دا، کەنارتان بووم.
کەناریش بوون، شەپۆلتان بووم.
من کە هاتم
باران نەنووست و نەنووستم
- من نانووم و خەو ئەبینم -
باران
نەنووست و
نەنووستم.
باران لێوی نمەی
نا بە گۆنەی
هەڵبەستێکی ئاوارەوە
کە تینوێتی ئەیهۆنیێوە و
برسێتیی من ئەیخوێندەوە
هەموو خوێندنەوەی بارانێ
ئاسمانی بینینی ئەوێ
هەموو نووسینی هەتاوێ
گینگڵی شەوی درێژ و
ڕێبوارانی سەر زمانی
ناو دەمی نەهەنگی ئەوێ.
«کۆچی زریان لەو کاتەوە دەستی پێ کرد
کە جۆگەلە لە سەرچاوە و
ڕووبار لە زەریا یاخی بوو.
کۆچی زریان لەو ڕۆژەوە دەستی پێ کرد
کە شمشێری برووسکەکان
ئەچوون بەگژ هەوری تاڵدا و
داوای چاوی جوانی گەلاوێژیان ئەکرد!»
باران نەنووست و نەنووستم
- من ئەشنووم و خەو نابینم -
باران دایکرد
وشەم دایکرد
با هەڵیکرد
سەرم دایە
سەرم خستە سەر ڕەوەزی
بە پێوە وەستاوی سەر شاخ
ڕەوەز بەرزە و تەماشای دامێنی سووری
پەری خانی شیرین ئەکات
دامێنی سوور خۆی هەڵناکات
کاتێ ئەڕوا ئەستێرەکان لە دوایەوە
لاوک ئەڵێن
کاتێ ئەڕوا برینەکان
لە ڕەشبەڵەکی تێکەڵی
نێوان گوڵ و خۆڵەمێشدا
هەڵئەپەڕن!.
هۆ پەری خان
باران ئەزانێ بارینم
لەناو خێوەتی شەوگاری غەریبیما
چۆن دائەکات!
ئەو ئەزانێ چیم پێ ئەڵێ و چی پێ ئەڵێم!
ئەو ئەزانێ
من لە کام پەڵەهەورەوە
برووسکەی خۆم بۆ هێناوە.
ئەو ئەزانێ هەڵمی ئاخەکانی سنگم
لە کام بەرزاییدا بەستی
ئەو ئەزانێ لەسەر لێواری پەنجەرەی
کام خەونەوە
کۆتری سیمای منداڵەکان بۆم ئەخوێنن!
دەستیان وەکوو پەلکەگیای سەر
کەناری ئاوێکی خەمناک
درێژ ئەکەن
چۆن ئەمگەنێ!
دایە ئەبێ جارێکی تر بە سک هەڵمبگریتەوە!
لەدایکبوونی ئەم جارەم
ئەبێ دوێنێت لەبار بەرێت.
دایە حەز ئەکەم زیندوو بم
بە زیندوویی
لاوانەوەتم گوێ لێ بێ!.
لاوانەوەت ئەو باڵندەی گریانەیە
بە دەنووک لەناو پێڵوومدا
دەنک دەنک
فرمێسکەکان هەڵئەگرێت و
ورد ورد چینەی پشکنینی
لە نەهێنیی ناوەوەمدا ئەگەڕێت و
ژانەکان ئەدۆزێتەوە
لاوانەوەت قوڵپی تەنیاییم سەرئەخا
بۆ سەر نیگای ئەم سەدەیە.
لاوانەوەت، بە خۆیەوە ئەمنووسێنێ و
بەرمنادا و بەرینادەم
تا ئاوێتەی ناو قوڵپی یەکتری ئەبین
هەتا ئەمرین!.
با گوێم لێ بێت لاوانەوەت:
وەک منداڵیم
سەرم ئەخاتە سەر ڕانی
خۆشەویستیی بێکۆتاییت.
وەک منداڵیم وەنەوز لەناو کۆشتا ئەدەم
توخوا دایە بملاوێنە، لایلایەکەت بگێڕەوە.
بملاوێنە، بملاوێنە
تەماشاکە: کە ئاو ئەڕوات
پەلی هەموو درەختەکان
شۆڕن بۆ ماچ!.
دە ماچم کە، من ئاوی تۆم
ئاوی تۆ نیم؟!
ئەی من تاڵی ئەو ڕنووی قژەت نیم
کە هەواری بێکەسییە و
خوریی تەشیی زەمانێکە
زام ئەیڕێسێ و ئەیکا بە پەردەی
سەر چرپای بووکی ناکام؟!
تەشیت بادە، ئەوە سەری گڵۆڵەی ژانەکەم
لێت ون نەبم
تەماشاکە و بمبینەوە
لەو هەورەدام کە منداڵی لێ ئەبارێ
لەو هەورەدام کە پەری خان
سواری کەژاوەکەی بووە و
بە ئاوزەنگی چەخماخەکان
ئەدا لە بن سکی ئەسپ و تێسکە ئەکا و
هێندە نابات
لە بازنەی ئەم زەمانە دەرئەپەڕێ و
ئەڵێ: کاتی غاری
دەنگ و بڵێسە و شەپۆلە
کاتی غارە، غارە، غارە
دەس بەرنەدەی هەڵەمووتە
دەس بەرنەدەی هەوراز ڕووتە
ئەم هەورازە بەرازێکە
شفرەکانی خۆی چاندووە
ڕێ شفرەیە.
بە تەنیا ئەم توولەڕێیە جێگەی غارە
دەس بەرنەدەی
مەڵاس، مەڵاس، جیڕ بەرەوە
دەس بەرنەدەی!
کێ ئەزانێ جارێکی تر ئەتبینمەوە؟!
جارێکی تر دەنگم سەر ئەکاتەوە سەر
سەری کاسی گوێگرتنت؟!
لەم وەرزەدا، کە خێڵ بەرەو زەنوێر ئەڕوا
لەم وەرزەدا، کە هەناسەم
سیروان لەگەڵ خۆیدا ئەیبا
ئەیبا وەکوو ئەو چڵانەی
بە شوێن لقوپۆپدا ئەگریین!
ئەیبا وەکوو ئەو چۆلەکە خنکاوانەی
نە خوێندیان و نە تەماشای دنیایان کرد!
کێ ئەزانێ ئەتبینمەوە؟!
تا لە زنەی نیگاکانت بخۆمەوە و بڵێم ئۆخەی،
ون نەبوویت و گەڕایتەوە
ئەزانی بۆ؟!
من دایکتم
هەر ئاوی کانیی چاوی تۆ لای من ئاوە
هەر خۆشەویستیی شاری تۆ
لای من خۆشەویستیی ناوە.
کە جێمهێشتووی
بۆ ئەوەیە جێتنەهێڵم!.
کەی وا نەبووم
باران
نانوێ و
منیش نانووم
کەی وا نەبووم؟!
«شوێنەواری دارستانێکی سووتاوە و پەل ئەکوتێ
بۆ درەختی یادەکانی
هەر لەوێدا گریان گەڵای ئەو یادانە
لەبەر ترووسکەی ساباتی شەوگارێکدا
ئەشواتەوە
کە من شایەتی کوژراو و نەکوژراویم».
ئێوە ئەڵێن: بیر کەرەوە.
منیش ئەڵێم: بیر کەنەوە.
باران نەنووست و نەنووستم.
کاتێ هاتی و لەگەڵ خۆتا ئەو شەوانەت هێنایەوە
کە پێکەوە لەبن سێبەری ئاواتی درەختێکدا
لەگەڵ هەژاری دنیادا دائەنیشتین
خەو ڕەنگاوڕەنگ لە دڵمانا یاریی ئەکرد.
ئەمانبینی: بەفری سەوزیان تیا ئەباری
ئەمانبینی: با ڕەنگدارە
شینە، مۆرە
لە یەک کاتا ئەمانبینی:
دیجلە چاومان ئەخواتەوە و
زرێباریش گوێ ڕائەگرێ.
لە یەک کاتدا هەتاو بووین و سێبەریش بووین
لە یەک کاتدا پێکەنین و گریانیش بووین.
باران
نەنووست و نەنووستم.
شەوگار ڕۆژ بوو، ڕۆژیش شەوگار
باران ئەیوت:
بۆ ئەوەی گوڵەگەنمێک
لەناو لەشی هەتاوەوە
سەر دەربێنێ و دەستی تانگۆی
شەماڵ بگرێ و پێبکەنێ
ئەبێ جارێک لەناو هەڵما
توانەوەی خۆم ببینم و
جارێکی تر لە بارینما، ژیانەوە!
منیش ئەموت:
من لە تۆوە فێر بووم کە چۆن
مەرگم بکەمە پێپلیکە و
داهاتوومی پیا سەربخەم!.
باران نەنووست و نەنووستم
کاتێ هاتی و خەوەکانت، خەوەکانم
ڕەوانەوە
هەر دەنکی ڕەنگێ کەوتە ژێر
پێڵاوێکی ئاسنەوە
کوژانەوە، خەونەکانمان وەک گوڵئەستێرە
ساتێ بوو
کوژانەوە
کاتێ هاتی و لەگەڵ خۆتا
وێنەی شیرینت بۆ هێنام
شیرین وایە؟!
شیرین تەنیا یەک شیرینە
شیرین وایە؟!
تۆ بیبینە ئەم شیرینە دەستەکانی
لێ
بۆ
تە
وە.
چاوەکانی لەگەڵ پێڵووی:
جو
ێ
بۆ
تە
وە.
تۆ بیبینە لێوی نافڕێ و ناگاتە من؟!
کوا شیرینە؟!
فەرهاد شیرینی وات ئەوێ؟!
فەرهاد ڕووبارێکت ئەوێ
درەختی خۆی بخنکێنێ؟!
فەرهاد، باڵدارێکت ئەوێ
هێلانەی خۆی بشێوێنێ و
ڕازی بێ بەوەی کە نەفڕێ؟!
سەرم بەخشی بە باران و ئەویش کردی
بە لافاوێ و ڕژانییە ئەو
دۆڵ و هەرد و کەژانەوە
کە نەهەنگیان تیا قووت ئەدا
باران نەنووست و
نەنووستم.
سەرم سەنگەرێ بوو ئەفڕی و
لەگەڵ - با -دا بەڕێ ئەکەوت.
ئەوسا پڕم کرد بە دڵما و هاویشتمە ناو:
لافاوەوە
لافاو بیبە
ئەو ناهێڵێ وەنەوز بدەی
لافاو بیبە
ئەو ناهێڵێ سەری فەرهادکوژ، بنرێ بە:
لەشی سپیی شیرینەوە
شەو سوارێک بوو
لە پاشکۆی تاریکیی خۆیدا سواری کردم
من مردم و من نەمردم!
دەس بەرنەدەی
کاتی غارکردنی مەرگە
دەس بەرنەدەی
ئالێرەوە شاری مردن وەک دووریشە،
نزیکیشە!
دەس بەرنەدەی!
لە تەنووری گێژەندام و ئەم سەدەیە
گێژم ئەدا.
لە گێژەندا هەڵوێستی خۆت بدۆزەوە
ئەم گێژەنە سووڕانەوەی
ترسە بە دەوری مردندا
لەم جێیەدا کەشتییەکەی نووحکەس
سەر بەرەوژێر ئەبێتەوە
لەم جێیەدا
ئاو هەناسە
لە سنگی خنکاودا ئەدا
کەی «سوندباد» گەیشتۆتە ئەم گێژەنە
کەی؟! کەی؟!
«بە لێواری مەرگی مندا پیاسە ئەکەن
وا ئەخنکێم ئەمبینن و بەڵام باسی
خنکاو ئەکەن
دەرمبێنن! پیاسەی ئەو سەر تەواو ناکەن
من ئەخنکێم.
دەرمبێنن! دەرمبێنن!»
کێ هەناسەی هیچ خنکاوێ هەڵئەمژێ؟!
ئەی هاواری خنکاوەکان
کێ دێ لە ئێوە بپرسێ
ئەمە زمانی خنکانی
ئەستێرەیە و شاییی زەلکاو
ئەمە سەردەمی کۆچی ڕووبار و پەری خانە
ئەی پەری خان!
هەردوو دەستم سەوڵی
ناو کەشتیی ڕەوەندی
نیگای تۆیە.
لە نیگاتا من خەڵوەتم.
لە نیگاتا من گۆرانیی
ئەو ڕەزانەم هێشووی وەرزی
بەخشندەییی زەمین ئەگرن.
ئەی پەری خان! زەمین تۆیت و
تۆ زەمینی.
ئەی پەری خان! لێم گەڕێ با:
سەمای مردن لەسەر ئەو لووتکانە بکەم
کە بە ترس داپۆشراون.
لێم گەڕێ با ئەم کڵپەیە
لە ئۆپەرێتی سووتانا
دەس بکاتە ملی جەڕاوی ناو پەتم.
لێم گەڕێ با:
لەسەر شانۆی پەراسووی خۆم
حاڵم لێ بێ و
بە گڕەوە بچمە ناو دڵی یەزدان و
ئەو ڕاستییە بدۆزمەوە
کە لە خولیای
نەسرەوتی ناو سەرما ئەژی
لێم گەڕێ با هەموو جارێ
لەدایکبوونێکی تازە،
مەرگی تازە
ببینم و ببیسم و خۆر لە دوورگەی
نەهێنیدا بێنمە دەرێ و
نەخشەیەکی تر بۆ گیانم بکێشمەوە!
«کە ئەچمە ناو مردووانەوە و ڕائەوەستم
قەنارەکان ڕائەکەن و پەتەکانیش
ئیتر خۆیان گرمۆڵەی لای
بەرپێم ئەکەن
کە ئەچمە ناو مردنەوە و سەرنج ئەدەم
بە چاوی خۆم
لەدایکبوونی - نەهێنی -ی تۆ ئەبینم.
خوا ئەبینم:
دێت و یەک یەک
دڵی هەموو ئەستێرەکان ئەخاتە ناو
لەپی دەستم».
کەی وا نەبووم.
باران نانوێ و
منیش نانووم.
باران خۆی کرد بە دەروونما، لەناو بیرما زەمین هەستایە
سەر پێیان و بانگی لێ کرد. بێشەی چڕی ڕوانینی من
شاری نەدۆزراوەی تیایە، من دڵدارم ئەی پەری خان.
من دڵدارم، درەختەکانی ناو گیانت ئەنووسمەوە.
کەژەکانی ناو بیناییت ئەخوێنمەوە، دەتۆش گیانە!
بمنووسەوە و بمخوێنەوە، لەسەر لەشی هەر گەڵایەک
کە ئەوەرێ و کە ناوەرێ، بمخوێنەوە و بمنووسەوە.
لە کەیەوە تۆ «سیزیف»ی و ئەم جیهانەش
بەردەکەتە؟!
لە کەیەوە تۆ «زۆرباکەس»یت و بوومەلەرزەیش
سەماکەتە؟!
بیرت نایە! هەروەک مردن بیری نایە
لە کوێ بووە؟!
بیرت نایە هەروەکوو ئاو بیری نایە
بۆ یەکەم جار
ژانی بە کام ئۆقیانووس و
زەریاوە گرت؟!
بیرم نایە، بەڵام ئەوەندە ئەزانم
بە یەکەوە من سیزیف و زۆربا و مەرگ و
ئۆقیانووسم!.
باران نەنووست و
نەنووستم.
نیسان هات و گوڵی چاوی گوندەکان و شارەکانی
دا لە یەخەی مێژووی زەمین.
لە کۆتاییی ڕۆژەکانی نیساندا بوو
چووم بەپیریی ئەو جۆگەیەوە لە لێڵیی
دەموچاویا
ئەم سوێسکە کوژراوانەی بەرەو کەنارێ ڕائەدا
کە گۆڕیچەی یادگاری
گریانم بوون.
بەیانییەک لە کۆتاییی ڕۆژەکانی نیساندا بوو
شەوەزەنگێ
لەناو دەمی
ئەژدیهاوە
کەوتە خوارێ.
بەیانی بوو، خۆر ئاوا بوو
هات، هات، هات
بوومەلەرزە، قیژە، ئاگر، دووکەڵ، خوێن،
نیاز و خۆڵەمێش.
ئەی نیسانی گوڵی ڕەشپۆش چیت لێ کردم!
سەرت بەخشی بە ڕەشەبا و
چوویتە ناو چاوی مەرگەوە و
چرای گریانت داگیرسان.
چرای گریان
ڕەنگی شەوقی
لە مانگی کوژراو وەرئەگرێ.
تۆ لەبەریا دابنیشە و
«لۆرکاکەس» بێنە تەنیشتەوە و
ئەوسا وەک
دوو جووتە سەروو
هەڵچن، هەڵچن، هەڵچن، بڕۆن
هەتاکوو مانگ
لە باوەشی شیعر ئەگرن!
باران نەنووست و نەنووستم
ئەم زریانە لە «گلگامش»ی کاروانیا
قاڕەی تۆفان ناونووس ئەکات.
دەرگای داستان و ئەفسانە
لەسەر «ئەنکیدۆ»ی هاوڕێی ئەکاتەوە.
تۆش پیرەکە و زەریا کە بە!
پەڕینەوە لەم تۆفانە
پردێکی چەخماخەی ئەوێ!
تۆش «بوراق» بە!
بووم بە بوراقی پەیامی سووتاوەکان، بووم بە پیرە و
بە زەریاکەی ناو ڕۆمانی کۆچی ئەم جارەی پەری خان.
کێوەکانم لەناو وڕەی خۆمدا مت کرد. کێوەکانم،
بەسەر وشەمدا هەڵگەڕان. لە نێرینەی ترسا ژیام.
من زمانی خەنجەرێ بووم خوێنی کێلانەکەی خۆمم ئەلستەوە و
هەموو ڕۆژێ چاوەڕوانی،
هاتنی کفنی خۆم ئەکرد، هەموو شەوێ چاوەڕوانی
تەورداسی بڕینەوەی خۆمم ئەکرد.
بڕۆ، بڕۆ تا ئەگەیتە دووڕیانێ
یەکەمیان بە دەستە ڕاستا، ڕێگەی هاتە
تۆ مەیگرە.
ملی چەپیان بگرە و بڕۆ و بەریمەدە
تا ئەگەیتە کانی و ئاوێ لێی لامەدە.
بڕۆ، بڕۆ دەشتێکی دەرزییت دێتە ڕێ
تۆ هەر بڕۆ، بەرەو دوا نەگەڕێیتەوە
تۆ هەر بڕۆ، تا ئەگەیتە بەر ئەشکەوتێ
بچۆ ژوورێ
لە نیوەیدا خۆت مەڵاس دە.
کە تەماشات کرد ئەبینی:
لە کەناری ڕووبارێکدا دەڵەدێوێ لێی نووستووە
مەمکێکی داوە بەم شانیا و
مەمکێکی تر بە ئەو شانیا
هیچ دەنگ مەکە.
ئاوی ڕەش دێت، هیچ دەنگ مەکە
ئاوی زەرد دێت، هیچ دەنگ مەکە
ئاوی سەوز دێت، هیچ دەنگ مەکە
کە ئاوی سوور هات بچۆرە
پشت سەریەوە
ترست نەبێ، شمشێرەکەت هەڵبکێشە
تا ئەتوانی دەست هەڵبڕە
دەست هەڵبڕە
بەرەو کاژەلاکی سەری
دایوەشێنە
دایوەشێنە
ئاوی ڕەش هات
ئاوی زەرد هات
ئاوی سەوز هات
بەڵام ئاوی سوور هەر نەهات
بۆچی نەهات؟!
بۆچی نەهات؟!
بۆ ئەوەی ئاوی سوور بێت و شمشێرەکەت بوەشێنی
ئەبێ سەرچاوە، لە خوێنا هەڵقوڵێنی
بە دەماری ڕەنگەکاندا شۆڕ بیتەوە و
لەناو خۆرێکی تازەدا سەر دەربێنی.
بۆ ئەوەی ئاوی سوور بێت و شمشێرەکەت بوەشێنی
ئەبێ لەشی مەرگ و ژیان
بە یەکەوە ڕاوەشێنی!
دایە، دایە! من ئیستاکە دووکەڵێکم
لە شوێن برینی خۆمەوە هەڵئەستم و بەو دووکەڵە
شەدەی سەری ئەم لووتکانەت بۆ ئەبەستم.
دایە! ئیستە چادر منە و من چادرم
خۆم هەڵئەدەم
لەناو کڕێوەی خەمی سەر دەموچاوی
هەژاراندا خۆم هەڵئەدەم.
هەڵمئەدا، لە سەر ئازاری پاڵکەوتووی
پێدەشتی زام هەڵمئەدا!
چادر، چادر، چادر
شارەمێروولەی دەرکراو
هێلانە بۆ پەڕەسێلکەی باڵکراو و دەنووککراو.
چادر، چادر، لانە بۆ کەروێشکی گیراو.
چادر، چادر
دەرزیی سەرما، پەراسووی سیل، کۆشی بەفر،
نانی گریاو، سیمای وەریو، چاوی مردن،
گۆڕستانێ
سەرت بەخشی بە باران و
چوویتە ناو دەنگی خوێنەوە و
شەو سوارێک بوو، لە پاشکۆی ڕەشەبای خۆیدا
هەڵیگرتی
نەتئەزانی چۆن ئەمردی؟
نەتئەزانی کە: کەوانی و ڕاکێشانت
بۆ پچڕانی ژێی
گازەرەی پشتی خۆرە.
ڕاکێشانت بۆ بردنەوەی گرەوەکەی
تیر هاوێژە!.
ئەی نازانی تۆ کەوانیت؟!
ئەی نازانی کە حەوت ساڵ بوویت
باوکت کەوانێکی تر بوو
بۆ تیر هاوێژ؟
ئەی نازانی، ئەی نازانی
تۆ کەوانی؟!
کەی وا نەبووم
باران نانوێ و،
منیش نانووم.
ئەی «پەری خان»ی وڵاتی خۆڵەمێش و گوڵەباخم
تۆ دڵخوازی هەموومانی و، هەموومان تۆین.
تۆ باسکی ئەو قەڵەمانەی
باوەش ئەکەن بە بانگەوازی دواڕۆژدا
تۆ دڵخوازی فەرهادێکی
لە بیابانی مێژوودا
لەبەر داکردنی تەورا
بە ژێر لێزمەی تێزاب و بە سەر دڕکەزیی مردندا
باز ئەدات و بۆ ئەو کارێزە ئەگەڕێ
کە گڕی تینوێتیی مەلی مەمکەکانتی
تیا بشکێنێ.
ئەی «پەری خان»ی وڵاتی خۆڵەمێش و گوڵەباخم
ئێمە بەتەنیا هەر نیگای تۆ شک ئەبەین
خۆت لەناو گێژی تۆفاندا وەستاویت و چاوت لێیە:
دڵدارەکانت دەرئەکەن
دەرمانئەکەن و ژێرپێیان
بە قەراغی دەم و چاو و لووتمان ئەسڕن.
میز ئەکەنە ناو پشتمل و دەستمانەوە.
بە میز «فەرهاد»یان لەسەر کارتۆنە شووشەی
بەتاڵی ویسکێکانیان بۆ ئەنووسین، ئا!
لە قەراغی ڕێوبانیشا لە چوارچێوەی
قوڕ و لیتە و تۆز و خۆڵی
توێتاکانیان ئەگرتین!
ئەی «پەری خان»! ئەمانەوێ خۆشەویستیت
وەکوو نان ببەخشینەوە.
وەکوو منداڵ بیگرینە کۆڵ.
وەکوو گوڵ بیکەین بە چەپک.
وەک شیعر بیخوێنینەوە
گوێیان بە لۆکەی تاریکی ئەئاخنن
تف ئەکەنە ناوچەوانی
نان و منداڵ.
گوڵ کوێر ئەکەن.
قاچی شیعر ئەبڕنەوە.
چاوت لێیە: جێگەی زمان ئەگوێزنەوە و
مۆری ئەکەن.
ئەیانەوێ، ئەوان بەتەنیا مۆخی کادانیان
بۆ خەڵک ئەوێ.
ئەیانەوێ، ئەوان بەتەنیا چاوی شووشەیان
بۆ خەڵک ئەوێ.
پاسەوانن، بەڵام نووستوون.
پاسەوانتن و ئەتدزن
پاسەوانن و کچێنیت لەسەر مێزیان
جۆکەرێکە و
پاسەوانتن و…
چاوی خۆتە و ئەبێ بڵێی چاوم نییە
گیانی خۆتە و ئەبێ بڵێی گیانم نییە!
ئەی پەری خان
باران نەنووست و
نەنووستم.
بەڵام چ بکەم، پێت نەگەیشتم؟!
سەرم بەخشی بە باران و شەو سوارێک بوو
لە پاشکۆی ڕەشەبای خۆیدا سواری کردم
بەڵام چ بکەم
پێت نەگەیشتم، چ بکەم! چ بکەم!
ئەی پەری خان!
بەیانییەک کاتێ هەستام
کاتێ زانیم، کاتێ ڕوانیم
- لەوبەرەوە -
خۆشەویستیت بۆتە شووشەی
«ئابجۆ»یەکی خاڵی و دواتر لەسەر سەری
فەرهادەکەت بە نیشانە ئەینێنەوە.
تەق
تەق
تەق
تەق
ئەینێنەوە، ئەیشکێنن
ئەیشکێنن، ئەینێنەوە.
ئەی پەری خان!
بەیانییەک کاتێ ڕوانیم، کاتێ زانیم
خۆشەویستیت
بۆتە تەپڵەکی جگەرە و
نێرگەلەی بەردەمی ئەوان
قوڵپ
قوڵپ
قوڵپ، ئەیمژنەوە.
بەیانییەک کاتێ هەستام، کاتێ ڕوانیم
- لەم بەرەوە -
خۆشەویستیت بۆتە قاسە و فرۆشگایەک
بە کلیلی
جومگەی فەرهادێکی کوژراو
لێی نیشتوون و ئەیکەنەوە.
فڕان
فڕان
فڕان
فڕان...
ئەی پەری خان، باران نەنووست و نەنووستم،
بەڵام چ بکەم پێت نەگەیشتم!
کاتێ هەستام لەژێر سمی ئەو ئەسپەدام
کە سواری بووم
کاتێ ڕوانیم لە بەردەمما
ئەستێرەی ناو خەونەکانم
پەلکەگیای سەر پەنجەکانم
بە دوای یەکدا،
وا: هە ڵ وە رین
کاتێ زانیم، ملم لەژێر هەرەسی لەشمایە
لاشەم لەژێر دنیادایە
داو، داو، داو!.
کاتێ زانیم، هەردوو دەستم
جێمئەهێڵن
هەردوو قاچم جوێ ئەبنەوە
دانەکانم بوونە مشار
نێرگەی پشتم ئەبڕنەوە.
لەو لامەوە پێچکەی سەرم ئەڕوا و ئەڕوا و
بە سکما خل ئەبێتەوە
لەم لاوە زمانی خۆم ئەمنووسێت و
لەو لاوە، ئەمسڕێتەوە
هەرەس
هەرەس
هەرەس
هەرەسێکە هەرەس ئەکا بەژێرەوە
هەرەسێکە هەر دێت و دێت و دێت
نابڕێتەوە
نابڕێتەوە
ڕاکە، ڕاکە، ڕاکە
سێبەری خۆت بگرەرەوە!.
چاوی خۆتە و ئەبێ بڵێی چاوم نییە.
ئاوی ڕەش هات، ئاوی زەرد هات،
بەڵام ئاوی سوور هەر نەهات
بۆچی نەهات؟!
بۆچی نەهات؟!
بابە کوانێ دەستەکانت بۆ جێتهێشتن؟!
بابە ئێمە ئەچین بۆ کوێ؟!
بابە بۆچی دایکم ئەگری؟!
بۆچی؟! بۆچی؟! بۆچی؟!
لە دواساڵدا
فەرهادێکی کوژراو وتی:
لەبەر ئەوەی «هەرەم»ەکە لەسەر نووک و
سەر بەرەوژێر دانرابوو
هەرەس وا بوو، زەویش
بنکە و ڕەگی ئەویست
تۆفانەکەش زەریاوانی
چەند خوایەک بوون
خۆفۆی گەورە
خۆفۆی
بچووک
خۆفۆی
قڕە
داریۆشکەسیش دەنگ و سەری لێ دزیبووین
بۆیە کاتێ هەرەم ڕووخا
نەهەنگەکانی داستان و دەر داستانی
ئەم سەدەیە کۆبوونەوە و
تۆفانەکەیان هەڵمژی.
کێش مایەوە
چیش مایەوە
چوون بە ناخدا
چوون بە ناخدا
تەڵە، تەڵە
داو، داو، داو!.
شێت بووم، شێت بووم
کێ ئەزانێ جارێکی تر ئەتبینمەوە
تا لە زنەی نیگاکانت بخۆمەوە و
بڵێم ئۆخەی نەمردیت و
گەڕایتەوە، ئەزانی بۆ؟!
چونکە هەر ئاوی کانیی چاوی تۆ
لای من ئاوە.
چونکە هەر خۆشەویستیی شاری تۆ
لای من خۆشەویستیی ناوە.
باران نەنووست و نەنووستم
لە سێهەم ڕۆژی پرسەما
لە شارێکدا، کە هیی خۆم بوو، هیی خۆم نەبوو
من مەزاتی
کفن و تاتەشۆر و
دارەمەیت و کێلەکانی خۆمم ئەکرد.
پڕ بە دەمی ژوورەکان و هۆڵەکانی
«کۆشکی سپی» هاوارم کرد:
«وەرن بیکڕن، بە چارەکە مایە بیکڕن
وەرن، کاکە وەرن، بیکڕن:
ئەوە جاجم، لێفە و دۆشەک،
کومبارێک و پرێمزێ
ئەوە چوار قاپ و مەنجەڵێ
ئەوە لانکە
ئەوە کڵاو و جامانە،
ئەوە شیعر، سێ دیوانی شێرکۆ بێکەس
وەرن کاکە، وەرن بیکڕن»
کاکە ئەمە لە چی ئەدوێت؟!
ئاگر، زریان
وێڵی کە بابە وێڵی کە!
ئەوە قۆری، ئەوە کڵاو و جامانە، ئەوە...
تۆ ئەوان بەرە «شەمێران» دوایی خۆم دێم.
ئەی قاسەکەت بار کردووە؟!
ئەی خاکەکەم، خاکی پەری
بۆ لەمەو دوا، گەر پێشانگەی
تابلۆکانی خۆم کردەوە
خۆ تێمئەگەیت؟
خۆ پێم ناڵێی: ڕەنگەکانت، وشەکانت
خنکاوی ناو تەمومژن
نازانین چاویان تیا دەرکەین.
ئەی شارەکەم، شاری پەری
من تێتئەگەم، تۆش تێمبگە
دوای ئەم کۆچە و ئەو زریانە
پێمەکەنە ئەگەر تابلۆیەکم وا بێت:
«لە دەرەوە بێ چوارچێوە
لایەکی کەوتۆتە خوارێ
بزمارێکی تێڵا شێوەش بەسەر دڵیا داکوتراوە
لە ناوەوە: ڕەش، ڕەش، ڕەش
سەری سەگێک وا بە لەشی بزنێکەوە
سەری بزنێ وا بە لەشی ئەسپێکەوە.
لەپی دەستێکی بێ پەنجە
کێوێک لەسەری نووستووە!.
لە گۆشەی دەستە ڕاستیشدا
مشکێک، بەڵام مشکی ڕاستی
بە قرتەقرت
ڕەنگی تابلۆ و تابلۆ ئەخوات»
ئەی پەری خان! تۆ چەپکە قژی دەسکەنەی هەڵکێشراوتم بدەرێ
تا لە گوڵدانی گریانا هەڵیبگرم. بمخەرە ناو دۆزەختەوە
تا خەڵاتی سووتاندنم، بکەم بە بەرۆکی مەرگا.
ئێستا بێ بیناییی ئەڕۆم، پەلکوتانم لێدانی سەوڵە لە گۆمی
هەڵمژراودا.
ئەی پەری خان!
باران نەنووست و نەنووستم
بەڵام چ بکەم پێتنەگەیشتم.
ئەی پەری خان
یەک یەک یەخەی
نەخشە گەورە گەورەکانی دنیام گرت و
هاوارم کرد:
پەری خانی هەموو دنیا بە فەرهادی خۆیان گەیین
ئەی پەری خانی من بۆچی پێینەگەیی؟!
قیژاندم بەسەر هەموو جیهاندا
لە بێژنگی قیژەمەوە
دەست و پەنجەی وردیلەکان
کەوتنە خوارێ
ڕاست بوونەوە و چوون بە چاوی
ئەو پەیکەرەی
لەبەر دەروازەی «نیویۆرکشوێن»دا
شان و ملی سوڵتانەکان ئەشێلێت و
بەم دەست گڕی هەڵگرتووە و
بەو دەستی تر
خۆڵی ئێسکی دڵدارەکانی سەربەستی
پێدا ئەکات.
هاوارم کرد و لە شەوی هاوارمەوە
ڕیز، ڕیز
مێخی هەموو چادرەکان هاتنە دەرێ و
خۆیان بە سنگی شانۆی گشت
والییەکانی ئەم گێتییەدا داکوتی.
بەڵام پەری! ئەمە سەدەی بێدەنگبوونە
لە سەربڕینی، باڵندەی بێهێلانە.
باران نەنووست و نەنووستم
بەڵام چ بکەم ئەی پەری خان
پێتنەگەیشتم.
گەڕامەوە
هاتمەوە سەر ماڵی چۆڵی ژانەکانم،
وەکوو کراس من گینگڵیان لەبەر ئەکەم.
لەگەڵ ئێشدا وەکوو ئاشقەوماشقە
تێک ئاڵاوین.
لەگەڵ خەم و تەنیاییدا بە کەناری خۆرنشیندا
پیاسە ئەکەین
لێک تێر نابین
ئەو گۆرانیی «کۆچی یارم کۆچی سوورە»م بۆ ئەڵێت و
ئەوسا منیش دواهۆنراوەی پاییزی ناو
چاوانی هەڵوەریوی تۆی
لەسەرخۆ بۆ ئەخوێنمەوە:
گەڵای تەماشات بۆ وەری و کەوتە ناو مشتی هەناسەی
تەزیومەوە، سینەم چاڵە خەزانێ بوو، لێوانلێو بوو
لەو ئاخانەی وەکوو بێچووە چۆلەکەی بەر دەنکە تەرزە
خزابوونە پاڵ یەکتری و هەڵلەرزینیان وەکوو دەسماڵی پوولەکەی
کلووی بەفر، ئەدا بە شانی درەختە ڕووتەکاندا.
پەری ناوت وشەیەک بوو، بەڵام زمان تیا ون ئەبوو.
جارێکی تر لە کوێت بێنمەوە دەم بنێم بە ڕووناکیی گەردنتەوە
لە کوێت بێنمەوە تا واشەی شەوی ڕەشم، لە بەر پێما
سەربڕیت و ناوچەوانی داگیرکراوم دیسانەوە هەڵکەیتەوە.
پەری ناوت یەک وشە بوو
بەڵام هەرچی فەرهەنگی شاخ و پێدەشتە
لە نیگاتا نەخشەی ڕێنومایی و هیوای
بینایییان ئەدۆزێوە.
گەڵای سەرنجت بۆ وەری و کەوتە ناو هەناسەمەوە؟!
من هەناسەم ئیستە سووتووی پەراسووی خۆم
بە با ئەکات، ئەی لەیلاکەم! ئیستە ناخم
پەڕەسێلکەی وشەیەکە بێهێلانە
نزم ئەفڕێ، بەرسنگی خۆی
بە ڕوومەتی گوڵاڵەکان سوور ئەکات و
لە ئاوێنەی نامۆییدا خۆی ئەبینێ
لەناو باوەشی گریاندا،
گوێ بۆ دەنگی خۆی ڕائەگرێ.
گەڵای سەرنجت بۆ وەری و کەوتە ناو مشتی هەناسەی
تەزیومەوە، تۆ گۆرانیی ڕەنگاوڕەنگی خەوی کەژ بووی.
پرچت ڕێژنەی بارانێ بوو
بە شان و ملی شەبەقا شۆڕ ئەبۆوە و
لەسەر کەمەری بنارە چاو سەوزەکان
ئۆقرەی ئەگرت.
ئەی پەری گیان!
جارێکی تر لە کوێت بێنمەوە بۆ ئەوەی
بمپرژێنی لە لەشی خۆت، هەر وەکوو گوڵەستێرەیەک
بمدەی لە بەفر و تریفەی مەمکەکانت.
لە کوێت بێنمەوە بۆ ئەوەی:
ساتێکیش بێ سەرخەو لە دەنگتا بشکێنم
ساتێکیش بێ لەناو ماچتا
من بە باڵی گڕتێبەربووی قەقنەسی لێو
خۆڵەمێشی ئێسکی ئیستەم داگیرسێنم.
گەڵای سەرنجت بۆ وەری و
کەوتە ناو مشتی هەناسەی تەزیومەوە؟!
لە لاپەڕەی بیرەوەریی دەفتەرەکانی پاییزدا
جێگە دێڕێ نابینیێوە
تا هەڵوەرینی نوێتری تیا بنووسێت
گەڵای تەماشات بۆ وەری و
کەوتە ناو چاڵە خەزانی سینەمەوە؟!
باران
نەنووست و نەنووستم
ئەو ئەبارێ و من ئەبارم
بەئاگام و ئەو ئەبارێ و
من سەر ئێڵی کۆچکردنم
بەرەو گەرمێن.
ئەی پەری خان! هەمووی کۆچە،
چی ئەبینم هەمووی کۆچە و
لە غەریبیمدا بار ئەخەن
لە نامۆییی چاوما ئەژین.
خەوەکانم ئەی پەری خان! خەونەکانم،
لە خەویشما هەموو شەوێ:
«بە هەردوو دەست خێرا، خێرا
هەر سەری تاڵەمووی ڕەشە و ئەیانگرم
بەناو دەمما لە قوڕگمەوە کێشیان ئەکەم
کێشیان ئەکەم، بەڵام ئەوسەریان دیار نییە
نایانگەمێ
ئەپچڕێن و دیسانەوە دەست پێ ئەکەم
تەواو نابن، ئەپچڕێن و دەریاندێنم
ئەپچڕێن و کێشیان ئەکەم.
ئەوسەری تاڵەموو ونە، نایانگەمێ»
ئەی پەری خان لە ئیستەمدا
ساتێ نییە، چرکەیەک یان دەقیقەیەک
هەزاران ساڵ تیایا ئەژیم.
لە ئیستەدا گۆشەیەکی سەرم نییە
چەند قاڕەیەک لە خولیادا
پەنابەری سۆزی نەبێ و
تیایدا نەگریم.
ئەی پەری خان من نامۆییم
زەمانی بێکۆتایییە.
باران نەنووست و
نەنووستم.
باران باری و منیش باریم
باریم و کۆچی لێخوڕین بەرەو گەرمێن
سواری دەمی شمشێرێکی تیژی کردووم
من مردووم و من نەمردووم.
ئەوا هاتووم
کلووی بەفری دەموچاوم
لەسەر پشکۆ ببارێنم
کۆچی یارمان کۆچی ڕێی سووری ڕووبارە
هاوینە و خێڵ
بەرەو خوارە.
ئەی پەری گیان!
لە ئیستەدا من بەتەنیا شەوم هەیە
کە ئەچمە لای، کە دێتە لام
شەوم هەیە
شەو کۆچی هۆزی خامۆشی
لەناو دڵە تەنیاکاندا بەڕێ ئەکات.
لەسەر قەدی درەختەکان
تاریکیی ئەنووسێتەوە.
داڵدەی ئەو مەلانە ئەدات
کە خوێندنیان لە قوڕگ کردوونەتەوە.
ئەی پەری خان! شەوم هەیە
کە ئەو دادێ
دارخورماکان یەکە یەکە
بەئەسپایی
ئەپەڕنەوە ئەوبەر کەنار
ئەپەڕنەوە و لەو سەرەوە
«فورات» دێنن بۆ دیدەنیم
بۆ ژوورەکەم.
کە «فورات» دێت
شیعرەکانم ئەبنە «مەشحوف» و گۆرانیی «ڕێل و حەمەد»م بۆ ئەڵێن.
کە فورات دێت، وەکوو «هەڵۆ»
سەر ئەکاتە سەر سەری غەریبیی من و
ئەگری و ئەگری و
هەواڵی «سیروان» ئەپرسێ!.
ئەی پەری خان کە فورات دێت
من چاو ئەنێم بە دووربینی برینیەوە
سەرچاوەی ئێشی ئەبینم
دێتە پێشێ، زۆر نزیکە
وا ئەیبینم: سەرچاوەی ئێش
لەناو شاخدا مێژووی دوورم
هەڵئەهێنجێ و ئەیکاتە ناو ئیستامەوە
کە چاو ئەنێم بە دووربینی برینیەوە
لە دەروونیا
لاشەی ڕووباری خنکاوی تر ئەبینم
لەناو بنیا
بنی فورات تابووتی قوڕە و هەزاران
گوڵی کوژراوی تیا نووستوون.
بنی فورات هەزار سەوڵی
دەست و بازووی بەجێماوی
دڵدارانی ئاوی تیایە
ئەی پەری خان!
هەموو شەوێ کە فورات دێتە دیدەنیم
حیکایەتی ماسیی چاوی
بە زۆر لە ئاو دەرهێنراوی
تۆی بۆ ئەکەم
گوێم بۆ ئەگرێ
کە من ئەگریم، ئەویش ئەگری و
ئەگری و ئەگری و
هەتا وەنەوز لە شەپۆلی پێڵوەکانیا
ئەیباتەوە.
هەتا لەناو گیانما ئەنوێ!
ئەی پەری خان!
وا فورات نووست
وا باران نووست
تەنانەت وا ژوورەکەم نووست
پێخەفم نووست،
بەڵام پەری
ئەی «پەری خان»ی وڵاتی
خۆڵەمێش و گوڵەباخم
من نەنووستم
من نەنووستم
من نەنووستم!.