فێرکردن

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  497 بینین
«جەمیلە» پرچی درێژی، ڕازەکانی
«جەزائیر»ی ئەهۆنیەوە و، پێشی ئەوت:
نیشتمانم
ئەگەر دەستی ڕاستیان بڕیم
چەپ فێر ئەکەم
بۆ ئەوەی ناوت بنووسێ.
چەپیان بڕیم ئەوا پەنجەی
قاچەکانم ڕائەهێنم
بۆ ئەوەی ناوت بنووسێ
دوای چوارپەلی بڕاوەیشم
بە هاوار ناوت ئەنووسم
کە هاوار مرد، من سەرنجم فێر کردووە
کە چۆن ناوت لەناو چاوی
بیم و ترسی جەللادەکانی ژوور سەرما
هەڵبکەنێ
نیشتمانم!