پرس

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  503 بینین
بە «داس»م وت:
لەبەرچی وا کۆم بوویتەوە؟
وتی:
لە دروێنەدا وام لێهات.
کە بە «هەڵەکۆک»یشم وت
تۆ بۆچی وا تەمەن کورتی؟
وتی بۆچی لەدوای بەفر
ژیان تامی تیا ئەمێنێ؟!
کە بە «تاقتاقکەرە»یشم وت
تۆ بۆ نانووی؟!
وتی نەوەک دڵدارەکان
وابزانن، ئێشکیان ناگرم!
بە دوا هۆنراوەی خۆیشم وت:
ئەی تۆ بۆچی ئاوا گڕت تێبەر بووە؟!
وتی نەبادا «قەقنەس»یش
وابزانێ هەژارەکان بێ هاودەمن!