بلیت

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  639 بینین
ئەی کچی جوان
ئەو بلیتەی لە پاسەکەدا بۆت بڕیم
کە دابەزیت
سەرنجم دا:
یەکە یەکە ژمارەکانی لە دەسما
سەر دەردێنن، سەوز ئەبن
گوڵ دەرئەکەن
گوڵەکانیش لەگەڵ جووڵەی
پەنجەکانما
دێنە لەنجە
لە دوا ئێستگەش کە دابەزیم ئەی کچی جوان
کاتێ ئاوڕم دایەوە
پاسەکەیشمان بۆتە باخچە!