خەو

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  485 بینین
لە بازاڕدا،
کولێرەیەک وەنەوزی دا و
لە کۆپانەکەی «بلە»ی حەماڵدا
خەوی لێکەوت
لە خەویا خۆی دی، بۆتەوە
بە هەویر و،
بە زۆر بۆ «میر» ئەیکەنەوە
ئەو ساتەی ویستیان
پێوەی دەن
گریا و لە ترسا داچڵەکی
«بلە» هاتەوە و کولێرە گریاوەکە
چاوی سڕی و بۆی پێکەنی
وتی: ئۆخەی تۆ ئەمخۆیت و
خەوەکەیشم،
نایەتە دی!