گەشتی پشکۆ

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  519 بینین
لە «عکا»وە دارزەیتوونێ
بانگی ئەدا:
جێپێی پشکۆم
بەسەر لەشی مێژوومەوە
هاوارێکە، دەنگی خوێنی لێ ئەتکێ و
دائەداتە سەر ئێستاکەم!
ئەی پشکۆکان!
گەشتی ئێوە لە ئازاری وەرزەکاندا
نامەیەکە شاخ ئەینووسێ و
ڕووبارەکان ئەیخوێننەوە.
ئەی پشکۆکان!
گەشانەوەی ئێوە لەناو
سەری گەورەی ڕەشەبادا
مژدەیەکە، بەفرێکی نوێ
بە کەوێکی دووروڵاتی ئەگەیەنێ
مژدەیەکە گریان ئەکات بە گوڵاو و
بە سەر سەری منداڵانی
گوندەکانما ئەیپرژێنێ!