بۆ کچە تایپ ڕایتەرەکە

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  624 بینین
ئەی کچی جوان!
چاوم لێیە:
ڕیزە تۆوی حەرفی سەر «چاپ»
لەژێر لێدانی دڵۆپی پەنجەکانتا
هێڵ، هێڵ ئەبن
بە گوڵەبەڕۆژەی ڕستە و
لەگەڵ هەتاوی نیگاتا
ئەسووڕێنەوە و ئەگەڕێن.
ئەی کچی جوان! منیش هاتووم
مشتێ حەرفی
نەهاتە ساڵی شیعری خۆم
بۆ هێناوی
لای من نەڕوان
ئەیدەم بە تۆ
هەتا بە نەرمە بارانی
سەری پەنجەت
ڕوو لە تاڵە تیشکەکانی هەردوو چاوت
ببن بە گوڵی شەستپەڕ و
بیانخەیتە سەر مێزەکەت!