جۆلانە

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  730 بینین
دوو لقی دوو
دارگوێز سووک سووک
جۆلانەیەکیان بە نۆبە
ڕائەژەنی
منداڵەکەیش لەناو کەژاوەی خەوێکی
ڕەنگاوڕەنگا پێئەکەنی
لقە پیرەکەیان وتی:
تۆ باوکی ئەمت ئەناسی؟
لقە لاوەکەیان سەری
بیرچوونەوەی بۆ ڕاوەشان
لقە پیرەکە هەناسە و
ئاخێکی قووڵی هەڵکێشا
وتی: باوکی ئەو پیاوە بوو
پار زستانێ
ئالێرەوە
بۆ گوندەکەیان ئەچۆوە
لەو وەختەدا من لەبەر هەرەسی بەفرا
هاوارم لێ بەرز بۆوە
گەیشتە لام، بەڵام سەد داخ
هەتاکوو منی دەرهێنا
خۆی ڕەق بۆوە