ونبوون

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  1064 بینین
لە ئەشکەوتی هەزارمێردا، کاسەسەرێکی باپیران
لەدوای گریان بە سەر تەرمی یادگارا کەوتە دووان:
چاوی ئاگر، کاتێ کوێر بوو کە ئاگردان
داری تەڕی لە دەروونی خۆیا سووتان
شارە دووکەڵی لە چرای
گیان ورووژان.
لەو شەوەوە لە وڵاتی خۆڵەمێشا،
لە کەشتیی وشەی خنکاوا
وێڵین بە شوێن پشکۆی چاوا.
بە دوای نەورۆزی دەنگێکی هەڵگیرساوا.
بە شوێن سروودی مەلێکی،
بەر هێلانەی پۆپەی درەختی هەتاوا.
ئەگەڕێین بۆ سیمای ونی هەزار ساڵە
بۆ پەیامی بێ ڕابەرمان
بۆ دروشم و ناونیشانی دڵی خۆمان
بۆ پەنجەمان
بۆ ڕەنگ، بۆ دەنگ، بۆ شێوەمان
بۆ کیشوەری بێ نەخشەمان!