کە، بووم

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  701 بینین
لەدایک بووم،
لەگەڵ هەڵکەندنی هەموو گۆڕەکانی
سەرزەمینی بێئاسمانا، لەدایک بووم.
لەناو گەڕەکی گوللەدا لەدایک بووم
لە ژووری پۆستاڵی یەکێک لە ژەندرمەی
هیتلەرکەس و مۆسۆلۆنیکەسدا، لەدایک بووم.
لەدایک بووم،
کاتێ کارێزە ڕوونەکان، نەوتی ڕەشیان
ئەکرایە ناو، چاویان ئەبوو
بە دووکەڵکێش.
پێستی لەشیان،
بە تەپڵەکی جگەرەی -ئیڤا براونکەس-!
کاتێ، خواکان لەناو هێلکە شەیتانۆکەی،
گوێ بەندەری بێ زەریادا، سەریان
لە شەودا ئەجوقان.
کاتێ، ڕووبار ڕاوەستابوو!
دڵنیایی، لە ئێوارەی بەیانیانا دەسکێشێکی
ئاسنینی لە دەستا بوو!
لە پرسەی ئاسایشا بوو، لەدایک بووم.
مەمکی بێگوێ دایکێکی بێشیرم مژی
بێشکەم: تەندووری دەبابەی شکاوی سەر،
تەلبەندێکی ئەورووپاشوێن بوو.
دۆعای سەرقۆچکەکەم، نزای
ناو دەستەکانی پاپا بوو
لەدایک بووم، لەگەڵ دایکما
هەموو دنیاش زەیستان بوو
باوکم لەبەر قوتیلکەیەکی بێنەوتا
هەڵبەستێکی
شەهیدکراوی، دائەنا!
خزمەکانم، حەزیان ئەکرد:
لە چروتەکەی مستەر «چەرچڵکەس» بکێشن
چاویلکەیەک لەچاو بکەن لە چاویلکەی
«ڕۆزفڵتکەس» بچێ!
لەدایک بووم، لەگەڵ بۆمبای ئەتۆمدا بوو
لەدایک بووم.
مامانەکەم پیرێژنی فەرهادکوژ بوو
بەری دەستی، تووکی مێژووی لێهاتبوو
مێردەکەشی – گۆڕهەڵکەنی - ئەهرەمەن بوو
***
لەدایک بووم
کاتێ کە «لۆرککەسا» کوژرا بوو
«مەحموود دەروێشکەس» تازە زمانی پژا بوو!