شتنەوە و ناوچەوانم

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  544 بینین
١
ئەیشواتەوە، چۆڕاوگەی سەربانی لێژی ساڵەکانم
-دیواری ژووری قوڕینیی
بێگوێسوانەی کرێچێتیم ئەشواتەوە
ئەیشواتەوە، ئاوی مردووشۆری کوڵاو:
تاقی پێشوازیی زیندۆکان، ئەشواتەوە.
دروشمە بەرئاوەژۆکان، ئەشواتەوە.
«ئەم سەردەمە، گەرماوێکە:
پاکەکان، پیس ئەکاتەوە و پیسەکان، پاک ئەکاتەوە»
ئەمگڵۆفن، لەسەر سەکۆی کۆنکرێتی سوپاگەیەکی دەرسیمشوێنا
ئەمگڵۆفن، ئەمگڵۆفن
هەڵم ئەخەن بە تەنافی ڕاکێشراوی
سەر ئاسمانێکی کونبوودا، لە سابڵاخشوێنا
هەڵم ئەخەن
«فڕۆکەکان
فڕۆکە - دەنگبەزێنەکان -
فڕۆکە چاو قوتدەرەکان
ئاسمانی ڕاستییان کون کرد
- تا خوای لێ کەوتە خوارەوە -.»
***
لە دەرسیما، ئەمگڵۆفن
لە سابڵاخا، هەڵم ئەخەن.
«لە تەشتی ئەم سەدەیەدا
سپیڕەنگ، ڕەنگ ئەداتەوە!»
٢
ناوچەوانم کێڵگەیەکە
گاسنەکانی سەردەمی «ناپاڵم»ە، کێڵاوێتی
خوێن تۆوێکە، تیا ئەچێنرێ.
دەغڵ سوورە، داسی برسیم
گەروویەکە دروێنەی برسێتیی ئەکات.
خەرمان سوورە
شەن چنگێکە، بێ نینۆکە، داخ کراوە و
زامەکانم بە با ئەکات.
جەنجەڕی شەو، ڕۆژەکانی ناوچەوانم
گێرە ئەکات.
ناوچەوانم – لاکێشێکە -
لەناو – بازنەی - زەمینی گێژ و وڕا
دێت و ئەچێ!
ناوچەوانم، بەڕەیەکە:
لەبەر پێی پۆستاڵەکانا ڕاخراوە.
ناوچەوانم، پەنجەرەکەی دانەخراوە
دزەکان پیا دێنە ژوورێ!
خەتەکانی ناوچەوانم، ڕێی ئاسنیی قیتارێکە
ئێستگەی حەسانەوەی نییە!
ناوچەوانم، ناوچەوانم نوێنێکە
شکاویشە و داگیرساوە!