دووگ

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  600 بینین
ڕێگەی سپی: چاوەکانی لەناو دڵی خوادا هەڵدێن
ئەی ڕێبواری ڕێگەی سپی! شەیتانەکان:
جەواڵیان پڕ لە خورمایە
ڕێگای سپیش، تێشووی نییە!
ئازار ئەخۆی یاخود خورما؟
-ئەمانەوێ ڕێگەی سپی، قاچی قوڕاویی نەگرێتە
تەمەنی خۆی
دەموچاوی هەرگیز نەشوا!
ئەمانەوێ، پێمان بڵێن: شەیتان یان خوا؟
ئەمانەوێ، پێمان بڵێن: هەق پێڵاوێکە تاکەوتاک لە دەم بکرێ؟
-ڕاستەوانە، چەپی نییە
چەپەوانە، ڕاستی نییە
-تاکی ون بوو وا لە قاچی مێژوودایە!
-ڕێگەی سپی وا لەناو دڵی خوادایە
ئەی ڕێبواری ڕێگەی سپی! شەیتانەکان:
هەقی «ڤیتۆ» بە پەراسووی برسییەکاندا هەڵئەواسن!
جامبازەکان: دووگیان ئەوێ لە هەر کوێ بێ.
-ڕۆژگارێکە، دەرمانخانە دەرد ئەچێنێ
ناڵبەندەکان، دان ئەکێشن!
ڕۆژگارێکە، مامە «تەکتیک» ئەزانێ چۆن،
بە چینگاڵی چێشتخانەی بەرژەوەندێکان!
هەڵمان ئەگرێ و دامان ئەگرێ!
-دووگیان ئەوێ لە هەر کوێ بێ
-ڤێتنامشوێن، سیلانشوێن، فەلەستینشوێن یان:
بەنگلادیششوێن و کوردستانشوێن.
دووگیان ئەوێ
-ئەمانەوێ، پێمان بڵێن خوا یان شەیتان!