مایکۆڤسکی

لە کتێبی:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  815 بینین
١
گوێ گرن لێم! دەنگم ئەپرژێنمە چاڵی چاوتانەوە
مۆمی چاوتان، لە دەنگما دائەگیرسێنم.
تاریکیتان، ئەخۆمەوە.
تەنیایەکم، شۆستەی شەقامی نیوەشەو
لە مۆسکۆشوێندا، دەرم ئەکات.
چەقبەستنتان، ڕاوم ئەنێت.
بێجێیتان، داڵدەم ئەدات.
تەنیایەکم، هەمووتانم.
٢
گوێ گرن لێم! گوێ گرتنتان وەک ڕەشەبا هەڵم ئەکات.
گوێ گرتنتان، ڕوانینێکە و وشەکانم بەدیی ئەکات.
وشەکانم، سەرمایانە
سەرمایانە و هەڵنالەرزێن.
- گوێ گرن لێم، هەر وەک گوێ لە زەریا ئەگرن-
تەنیایەکم، شەوەکانتان پەنجەرەن بۆ شیعرەکانم
ئەیانکەمەوە و هەناسەی
ئەستێرەکانتان هەڵەمژم.
تەنیایەکم، «پاریسشوێن» لە دڵما ون بووە
تەنیایەکم، هەمووتانم.
٣
تەماشام کەن، تەواو نابم:
ئەکوڵێم، هەڵمم
کە ساردبوومەوە، بارانم
لەبەینی هەڵم و بارینا
لەدایک بوون، شیعرەکانم!
٤
من ئەمەوێ - مەحاڵ - بگرم
دەرگا لەسەر – گومان - داخەم.
٥
ئەم جارەیان، گەشتێک ئەکەم
تەنیاتان کات
لەگەڵ شەوێکا، کۆچ ئەکەم
خەوتان لێ خات.