لە خوا پاڕانەوە

لە کتێبی:
دیوانی میرزا غەفوور
بەرهەمی:
میرزا غەفوور (1870-1938)
 1 خولەک  765 بینین
خوداوەندا؛ بە ئومێدی عەتا و لوتف و کەریمی تۆم
ئەمن؛ وا ئیعترافی پێ دەکەم، جورم و گوناهی خۆم
غەریقی مەوجی عوسیانم، سیەهـ ڕووی ڕۆژی دیوانم
بە ئومێدی عەتای ڕەحمم، خەجاڵەتمەندی قاپی تۆم
پەناهیندە بە دەرگاهی جەنابی حەزرەتی شێخم
دووەم کاک ئەحمەدی مەرحوم، لە دوو قاپی بەدەر ناڕۆم
ئیلاهی من، ئەگەرچی بەندەیەکی مەعسیەتبارم
بە ئومێد ڕەحمی تۆم و هەم، ئەمینم بۆ شەفاعەت بۆم
سزاواری جەزام و موستەهەقی ڕەحمەتی تۆشم
کە فەرموودەی جەنابی خۆتە من غەففاری عەبدی خۆم
بە مەعلوومی دەزانم شافیعی ڕۆژی جەزا کێیە
لە سایەی ئەو شەفیعە، بێ ئومێد نابم کە عەبدی تۆم
ئەتۆش بۆ خاتری خوێنی شەهیدانت تەمەننامە
ببەخشە جورم و عوسیانم کە هەر موحتاجی ڕەحمی تۆم