لە نەخۆشیەکی گراندا
لە کتێبی:
دیوانی میرزا غەفوور
بەرهەمی:
میرزا غەفوور (1870-1938)
1 خولەک
673 بینین
غەمێکم لێ بخۆن یاران، نەخۆشێکی پەرێشانم
ئەگەر ئێوەیش غەمم ناخۆن، خەبەر کەن قەوم و خوێشانم
بڵێن: با بێتە سەر وەقتم برازا و خوارزا و خاڵم
دیار ئاخر نەبم حەیفە بە بێ کەس دەربچێ گیانم
بە مەعلوومی دەزانم دەردی مەرگە وا یەخەی گرتووم
لە دەست پەنجەی ئەجەل زەحمەت خەلاسی بێ گریبانم
ئەسەف بۆ مردنم ناخۆم؛ وەلێ بۆ بێ کەسی خۆمە
کە شەو تا ڕۆژ دەناڵێنم نییە کەس بێتە میوانم
نەخۆشی خۆشە لاکین دەرد و میحنەت بۆتە سەربارم
مەگەر لوتفی خوایی بێ ببەخشێ دەرد و دەرمانم
بەسەد لوقمانکەس و ئەفلاتوونکەس عیلاجی دەردی من ناکەن
غەریبی و بێ کەسی خۆم بۆتە عیللەت لێم، کە دەیزانم
بە بێ کەس مردنم پێ خۆشە من، بۆ ئاخیرەت چاکە
خودا خۆی بێ کەسە، بەڵکوو بکا ڕەحمێ بە ئیمانم
گەلێکم حەسرەتە، چونکە لە دوو ئەولادی نەسلی خۆم
یەکێکم بۆ نییە مەوجوود بڵێی: من گوێ لە فەرمانم