گلەیی لە «بابەکر ئاغا»
لە کتێبی:
دیوانی میرزا غەفوور
بەرهەمی:
میرزا غەفوور (1870-1938)
2 خولەک
761 بینین
لەبەر بێ لوتفی ئاغاکەسمە کەوا من ئامشۆ ناکەم
زەمانە وەزعی گۆڕیوە، سیاسەت عەرزی تۆ ناکەم
بە جدی مودەتێک من جانفیدایم کرد بە ڕۆح و ماڵ
گوتم: بۆ ڕۆژی خۆی چاکە، زەمانی جستوجۆ ناکەم
بە دەستووری فەلاح و باغەبانان بەزری نیکیم چاند
بە ئومێدی خودا و تۆ بووم، گوتم: خۆم ڕەنجەڕۆ ناکەم
بە وەڵڵاهی هەتا دەمرم؛ لە دنیادا بە یەک ڕەنگی
ئەوی کردوومە تا ئێستا، ئەوی دیکەم درۆ ناکەم
لە سایەی خوا و سەری تۆ ڕامبوارد چەند ئەییامە
بە دەروێش و قەناعەت فەرقی سەدری و نانی جۆ ناکەم
لەگەڵ وەزعی زەمانەم ڕابوارد، هەر چەند کە بێ سوودە
ئەوەی دەیڵێم: خەتای بەختە، قسەی ڕابوارد و نۆ ناکەم
وجوودی بێ نموودی من؛ چییە گەر بێ و نەبی چی بێ؟
سیاسەت لازمە ئەمڕۆ، بەسە هیچ گفتوگۆ ناکەم
غولامێکی فیدایی بووم، لە ڕۆژی ئەوەڵ و ئاخر
دەزانم سووئی تالعمە، لە مەولا شیر بە دۆ ناکەم
حقووقی نیعمەتی تۆم هەر لەبەر چاوە و لەسەر چاوە
لەبەر بێ چاو و ڕوویی خۆمە بۆیە هاتوچۆ ناکەم
خەیاڵم وایە ڕحلەت کەم لە پژدەرشوێن گەر نسیب ڕێدا
وەتەن یادم دەکات و من کە یادی مەرگەمو ناکەم
وەفای خۆم قەت بە زایع نادەم و خۆم بێ وەفا ناکەم
ئەگەرچی هەق نییە وابێ، بەڵێ زامم بەسۆ ناکەم
برنجیتورکی شەرت وەفایە بۆ هەموو عالەم لە دنیادا
لەبەر ئەو حاڵە بێ حاڵم، کە ماڵی خۆم لە تۆ ناکەم
ئەوەندە من لە دنیادا لە خدمەت تۆ فیدایی بووم
بە خانووی تازە ئەجرت دامەوە مەسرەف بە تۆ ناکەم