مریشکێ ئەیوت بە جووچکەکانی

چیرۆکێکی خۆش موناسبی وەخت
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  501 بینین
مریشکێ ئەیوت بە جووچکەکانی
زەماوەنمانە ڕۆڵە بەیانی
بیستوومە هەڵۆ ملی شکاوە
لەم دەور و بەرە شۆنی نەماوە
هێلانی ڕووخاو بێچووی ئاوارە
دڵی پڕ زووخاو دەروونی پارە
شۆنی وا گومە هیچ کەس نازانێ
مەنزڵی بردەوە بۆ کام هێلانێ
جا بێنە دەرۆ با بکەین چینە
خۆمان بدەین بەم خۆرە بەتینە
ترسی چنگاڵی هەڵۆمان لە دڵ
دەرچێ با تۆزێ خۆ بگرینە گڵ
ڕۆڵە با تۆزێ خۆڵەپۆتی کەین
بژین بێ خەفەت چەن ڕۆژێ تا هەین
بە دەنووکی تیژ و نینۆکی پێتان
خۆتان بدۆزن بکوژن ئەسپێتان
لیباسی پەڕی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر
بکەن لە عەقیق تاج بنێنە سەر
بە وێنەی تاوس بدرەوشێ پەڕتان
کۆوە بن تەواو قەڵەو و لەڕتان
بنێرن با بێ سەرسەوز و بۆرچین
بولبول، قومری، کەو، کۆتری نەخشین
هەر باڵندەیێ خاوەن شمشاڵە
زەریف و دڵبەر خۆش خەت و خاڵە
لە هەر جێ هەیە ئاوازەخوانێ
بۆ بەزم ئارایی نەزمێ ئەزانێ
بانگیان کەن با بێن نەگرن بەهانە
جەژنی ئازادی زیندانیانە
با بڕازێتۆ بەزمی هەڵپەڕین
دەمێکە بۆ ئەم ڕۆژە ئەگەڕین
جووچکەم لە هێلکە گەلێ هێنا دەر
بەخێوم کردن بە خوێنی جگەر
بە کۆڵ و باوەش بە میهرەبانی
پەروەردەم کردن هەڵۆ ڕفانی
جا ئیسە شۆنی ئەگەر گوم بووە
لاشەی ناو بەحری قەڵزەم کەوتووە
وازم لێ بێنن لە شوکرانەدا
با تێر هەڵپەڕم لەم مەیدانەدا
مامە کەڵەشێر دەخیلم دێرە
ڕۆژی شادییە بلوێرت بێره
بە هەموو هێزت فوو بکە پێدا
با بێنه سەما چی هەن لە دێدا
چریکەی بلوێر وایان سەرخۆش کا
ترسی هەڵۆیان پێ فەرامۆش کا
بولبول تۆ دینت هەڵبێنە سەدا
ئەو سەدای دڵسۆز خاتر ئاشنا
ئێشی ناکامی لەبیر بباتۆ
گەردی دەرد و غەم لە دڵ بشواتۆ
لەقلەق تۆ پیرت بێ لە سەر پایێ
بوێسە و بە کەیف لێدە زوڕنایێ
بەرزۆ کە سەدا پیکت پڕ فوو کە
سەبری پێ ناوێ فرسەتە زوو کە
ئەو سەرچۆپییە بدەنە دەس خۆم
ژەنگی غەم بە ئاو شادی با بشۆم
هەڵۆ نەماوە بێچووم بڕفێنێ
چۆپی ئەکێشم تا کەیفم بێنێ
وەهای پاشێل کەم کەللەی جووچکبەر
مردووی ئەبەد بێ بەرزۆ نەکا سەر
لە نەزەر عاما «زاریناسناوی ئەدەبی» مەعلوومە
مردنی زاڵم جەژنی مەزڵوومە