زانست ئەتۆی ئاو دەردێنی لە خاک

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 5 خولەک  564 بینین
وتووێژێ لەگەڵ زانست و دەربڕینی ئەسەف بۆ بێ تەربیەتی مناڵە ژیرەکانی دێهات
زانست ئەتۆی ئاو دەردێنی لە خاک
زانست تۆی ئەفڕی بۆ بانی ئەفلاک
زانست تۆی دەوای دەردە سەختەکان
زانست تۆی نەجات بۆ بەدبەختەکان
زانست تۆی سفەت زات ئیلاهی
زانست تۆی زینەت بۆ تاجی شاهی
زانست تۆی ئیکسیر بۆ مەسی بەشەر
زانست تۆی میعمار ئەم دنیا یەکسەر
زانست تۆی غەواس دەریای بێ کەنار
زانست هەر ئەتۆی پەی ئەبەی بە کار
زانست تۆی شفا بۆ ئێش و ئازار
زانست تۆی دەوای دەردی دەردەدار
زانست هەر ئەتۆی موشکوڵ گوشای عام
تۆی عالەم ئارا و بۆ عالەم ئارام
زانست تۆ چرای تاریکی جەهلی
ئەتۆ ڕەهنومای ئەهل و نائەهلی
بە هۆی ئەتۆوە بەشەر بەشەرە
تۆ نەبی بەشەر، گایە یا کەرە
گوێ بۆ شکایەت ئەم جگەرپارە
بگرەو مەردانە دەردم کە چارە
مناڵی لادێ دوڕی مەنشوورن
یانی بە خیلقەت غیلمان و حوورن
سەوزەی نەوڕەستەی سارای ئینسانین
دارای لیاقەت مەدرەسەی زانین
کانی وەفا و فەهم، پڕ ئیستیعدادن
داخی بە جەرگم کە بێ ئوستادن
بەڕەڵڵا و بێکار بچووک یا زلن
زمستان خەریک قاپ و کەرخولن
کاریان بە ڕۆژا ئەم بان ئەو بانە
شوغڵی موهیمیان لە یەک هەڵدانە
ئەگەر بەهار هات لەگەڵ گا و کەر
ئەو مەزڵوومانە ساڵ ئەوەنە سەر
هەر لە بەیانی هەتا ئێوارە
مەشغووڵی وەشە و وەحەن بێچارە
غەرقی گەمە و گەپ شەو تا بەیانی
بێ خەبەر لە کەسب شێوەی ئینسانی
چۆن لە جوانیدا بێ ڕێگە ئەڕۆن
وەختێ پیر ئەون هەموو گیر ئەخۆن
دەرسی تەربیەت کەمتر ئەژنەون
لە سەروچاوی یەکتر بەر ئەون
نە شۆنی ئەدەب، نە بۆی حەیایە
زیاتر لە لادێ قڕەو هەرایە
لە ڕەفتاری چاک هەموو کوێر و کەڕ
یەکتر ئەکوژن لە سەر سەگە شەڕ
جەور و قەساوەت پێس و موویانە
کینە و عەداوەت داب و خوویانە
بێ سەبر و تاقەت، تووڕە و شەڕانی
هەموو موبتەلای سەیلی نەزانی
کە بێ تەربیەت ئەبن پەروەردە
دنیا پڕ ئەبێ لە دز و جەردە
لە ئەخلاقی چاک بێبەش ئەمێنن
حەتا دارایی یەکتر ئەڕفێنن
نەواقیس زۆرە نایەتە بەیان
بێ ئەدەبییە زیاتر توول پێدان
تو خوا زانست تۆ بێ بزانە
چۆن دروس ئەوێ بەشەر لەمانە؟
ئاسن کە خڵتەی بێ ئەندازە بێ
خۆ بە خۆ تێغی قەت لێ ساز ئەبێ؟
پەتک چۆن دەبێ بۆ شەدە و ڕەشتی
کەی لە خشتی کاڵ دروس بوو کەشتی
هەتا مێعمار و عەمەلە نەوێ
بەنای باشکۆ چۆن دروس ئەوێ؟
بەڵکوو بە چاوی خۆمان لە زەرەر
نادانی لادەین بوین بە بەشەر
لەمە زیاتر پەست و خوار نەبین
سەگی پێسەخۆر، گورگی هار نەبین
بۆ خەلاسیمان لەم عەیب و عارە
دێهات موحتاجی ئامووزگارە
چون زۆر محاڵە لەم قوڕە دەرچین
بە بێ مامۆستای دڵسۆز و ئەمین
دەستم دامانه زانست سا دێرە
وادەی کۆمەکە تەشریفت بێرە
وەک شارستانی دۆستدارتە
ئاخر دێهاتیش تاسەخوارتە
جوابی زانست و گلە لە ناڕەواجی بێ مەیلی ئینسان لەگەڵ ئەو
زانست هاتە جواب بە زبانی حاڵ
وتی ئەی «زاریناسناوی ئەدەبی» پەرێشان ئەحواڵ
ڕاسە من ڕەواج کووچەی شارانم
مەحبووبی نەزەر تاجدارانم
بازووبەندی باڵ شەهریارانم
پایەی ئیقباڵی کامگارانم
ئاڵای سەربەرزی سەرئەفرازانم
هێزی باڵ و پەڕ جوڕەبازانم
جڵەوکێشی خاس بۆ ڕێگەی ڕاسم
حەقیقەت وێژم، حەقیقەتناسم
نیسبەتی ئەمن مەدە وە لاری
بێ فەرقە لەلام دێهاتی و شاری
وەلێ کاکە گیان وەها مەزانە
حەقم جێ بێنن ئەهلی زەمانە
حەق و یا ناحەق بە من پەیدا کەن
ڕاسی بێتە بەین ناراسی لابەن
پلەی مەکر و فێڵ بدرێ وە ئاودا
ڕەویە و ڕەسمی لار، لاچێ لە ناودا
لە هەموو لاوە ئیستیقبالم کەن
وەک دنیا بۆ دین ئیستیعمالم کەن
کە تێئەفکرم لای دۆس و دوژمن
هەر بۆ دنیایە خۆشەویسی من
بۆ بەشی دنیام بوو ون بە سۆنە
هیچ کەس ناپرسێ دین چییە و چۆنە
لەم جیهەتەوە تەواو پەشێوم
بۆ ناڕەواجیم هەر قوڕ ئەپێوم
بۆ بەشی دینم بێ موبالاتن
ئێژی بۆ مانی ئەبەدی هاتن
لیباسی تەقوا داکەنیا لەبەر
کڵاوی تەکلیف فڕدریا لە سەر
حەیا و سەداقەت ڕەختی پێچاوە
درۆ و دەسبڕی و هەرزەیی باوە
لە دەریای حیرسا عالەم وەها غەرق
بوو بۆ چاک و خراو نەما فەرق
بۆ ئومووری دین کاریان نەما پێم
هەر بۆ دنیایان تەکلیف ئەکەن لێم
دەمێ ئاوری عالەم سووتێنم
نەفەسێ دەریای بەشەر خنکێنم
زەمانێ داوی نەچیرکردنم
ڕۆژێ لەشکری غارەت بردنم
دەمێ بۆ فریب دەمێ بۆ جەفام
گیرۆدەی هەوای ئەهلی ئەم دنیام
ئەمن ئەسپاوێ بێ ئیختیارم
هەر چیم پێئەکەن خزمەتگوزارم
خەتای من چییە دێهاتی وەحشین
مشتەری جەهلن تالبی من نین
کەوتوونەتە شۆن شێوەی حەیوانی
بێزارن لە داب و دەرسی ئینسانی
«زاریناسناوی ئەدەبی» تۆ بێژە تا حاڵیان وا وێ
بەر و بەهرەی من بۆ ئەوان ناوێ