کەرێ بوو کلکی لە بندا بڕاو

شوێن مەحاڵ مەکەوە
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 1 خولەک  528 بینین
کەرێ بوو کلکی لە بندا بڕاو
لەبەر بێ کلکی دەروون پڕ زووخاو
بۆ کلک ئەگەڕا بە ڕۆژ و بە شەو
بێزار لە ژیان لە خۆراک و خەو
ئەگەڕا دێهات کووچە بە کووچە
چۆڵ و ئاوایی مووچە بە مووچە
لە دەشتەوان و شوان و ڕێبوار
پرسیاری ئەکرد ڕۆژێ هەزار جار
کلک لە کوێ هەیە بچم بسێنم
لەمە زیاتر بێ کلک نەمێنم
هاوسەران تاکەی پێبکەنن پێم
گۆشە و تاریکی بۆ بوێ بە جێم؟
بۆ بێبەش لە بەزم کایەی کەران بم
قوڵ و ناشیرین ناو هاوسەران بم
بە ڕۆژا لە بەر مێش و مێشوولە
ناوێرم بکەم لە جێگا جوولە
ئەزانن نیمە من باوەشێنێ
هەر یەک بە جیا زۆرم بۆ دێنێ
بەم خەیاڵەوە لە ئێرە و ئەوێ
ئەیپرسی بەڵکوو کلکی دەس کەوێ
ناکاو برسیەتی زۆری بۆهاورد
چووە ناو زەرحات کابرایێ کورد
کابرا ڕاسۆ بوو هەر دوو گوێی بڕی
هەر دوو گوێشی چوو کلکی نەکڕی
هەر کەس دووی کاری وا محاڵ کەوێ
حاڵی وەکوو حاڵ ئەو کەرە ئەوێ