نازانم دڵبەر بۆچی لەسەر چی لێم تۆراوە

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  705 بینین
نازانم دڵبەر بۆچی لەسەر چی لێم تۆراوە
بۆ ڕووی لێ وەرگێڕاوم بەرم ناکاتە لاوە
قینی لە من هەستاوە
لە شەوقی گەردن زەردان دڵ شێواوە و سەرگەردان
مەجنوونە وێڵی هەردان ئاگای لە خۆی بڕاوە
شێتە و هۆشی نەماوە
هەنگی دڵ ئاڵۆزاوە پوورەی لە زوڵفی داوە
وەحشە گیرۆدەی داوە غەریب پەنای هێناوە
تێفکرە چۆن سووتاوە
گێسووی وەک موشکی تاتار ئەڕژێتە گۆنای گوڵنار
لە دەوری باغی ڕوخسار، ڕەشمارە حەڵقەی داوە
پاسەبانە ڕاکشاوە
ئەبێ بۆچی نەناڵم سەراپا کۆی زوخاڵم
لە دەس چوو حاڵ و ماڵم چش لە ماڵ، حاڵ نەماوە
هەردووم لەدەس بەرداوە
بە هەوای وردە خاڵان هۆشم ڕۆیی بە تاڵان
بووم بە شەوچەرەی ماڵان زەنگم لە عام زڕاوە
شیشەی ناوم شکاوە
بە شەو و ڕۆژ نەسرەوتم هەر وە دووی هەوەس کەوتم
ئێستە ئەهلی هەر حەوتم، هەشتم لە دەس بەرداوە
ڕسوام و ڕەندم ناوە
به ئاوی پەشیمانی، ئەشۆم گەردی نادانی
ئینسانم، ئینسان زادەم چم لە خووی شەیتان داوە
لە ڕێگەم بۆ لاداوە؟
بەس بۆ دنیا تەک و دەو، تا کەی بیری ئەم و ئەو؟
بۆچی هەڵنەسم لە خەو، شەوم بەیانی داوە
شەوی تارم هەتاوە
بۆ مەیدانی مکافات چاک و خراو کە ئەڕوات
بەدکاری وەک من چ بکات بە دەفتەری سیاوە
بە نامەی پڕ خەتاوە
«زاریناسناوی ئەدەبی» حەبسە لە چاها، سەد خاری وا لە ڕاها
لە ژێر باری گوناها وەکوو گۆچان چەماوە
کەوتووە، غەرقی قوڕاوە