بولبولی بێ باڵ و پەڕم و پای گوڵزارم نییە
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
612 بینین
بولبولی بێ باڵ و پەڕم و پای گوڵزارم نییە
دەردی دووری کوشتمی ڕێگای دیدارم نییە
ئاهی گەرمی من ئەبێ ڕۆژێ بسووتێنێ قەفەس
چون نەسیمی لوتفی خاتر پەروەری یارم نییە
چارە شوومی من بە حەددێکە لە گوڵشەندا لەلای
گوڵ ئەوەندە تێدەفکرم قەدری یەک خارم نییە
بۆ وەدەس هێنانی گەنجی ئارەزوو دایم وەکوو
با لە گەردش دام و چ بکەم قسمەتی مارم نییە
دەستی کۆتاهم ئەگەر ناگا بە دامانی موراد
وا دیارە کۆششم میزانی گوفتارم نییە
بۆ مەقامی ئاشنایی بێ بەڵا ڕێ کەی ئەبم؟
چاوی بینا و دڵی بێدار و هۆشیارم نییە
ئاوێنەم خاسیەتی فەوتاوە ئەونەی گرتە خۆ
گەردی نادانی کە ڕێگەی دەرکی ئەنوارم نییە
ئینتزاری چوونە ڕیزی پیاوەکانم بۆ ببێ
من کە یەک مسقاڵە زەڕڕە خووی ئەغیارم نییە
شەڕکەرم شەڕ پەروەرم دوورم لە ئادابی بەشەر
تەممەڵم بۆ کاری چاک و غەیری شەڕ کارم نییە
زەڕڕەیێ چارەی ڕەشم تێکەڵ بە شەو بێتو ببێ
ڕۆژ ئەڵێ تا حەشر نۆبەی نووری ڕوخسارم نییە
مووی سپی بانگم ئەکا وا هات مەرگ ئامادە بە
هەر دەمێ عوزوێکم ئەمرێت و کەچی عارم نییە
باغی تەقوا لارە دیواری بە ڕووخانۆ نزیک
هیچ بیری تیرەگ و تەگبیری میعمارم نییە
سەردەمی هەستان بۆ ڕۆژی جەزا «زاریناسناوی ئەدەبی» ئەڵێ
غەیری ڕووزەردی خوداوەندا تکاکارم نییە