ئەزانی بۆ دڵ ئاڵۆز و شێواوە؟
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
697 بینین
ئەزانی بۆ دڵ ئاڵۆز و شێواوە؟
شەوی زولفی بەسەر ڕۆژا کشاوە
لەخۆ بۆ بەرنەدا پەروانە ئاور!
جەماڵی شەم کە ئەمشەو بێ حەساوە
حەریف ئەمڕۆ دڵی زیندووم بە فەردێ
وەها کردم غەمی مەرگم نەماوە
مەگەر ئەو فەردە ئاوی زیندەگی بوو
کە تەبعی وشکی ئێمەی پێ ژیاوە
بە چاوی تیژی هۆشت تێ بفکرە
لە حوسنی ئەم سوئالە و ئەم جواوە
«وتم ماچێ لە خەرمانی گوڵی ڕووت
وتی بڕوانە کوا شەقڵی شکاوە»
خەیاڵم کەوتە سەر هۆنینەوەی دوڕ
لەسەر ئەم وەزنە بەم شێوە شیاوە
دوێ وێسابوو لەو سەر ئاوە دەتوت
لە سەر ئاوی بەقا سەروە ڕواوە
وتم دەردم بە دیدارێ دەوا کە
وتی بمرە بە دەردی بێدەواوە
وتم بۆ سوورە بەرگت وا بە جارێ
وتی خوێنە بە سەرمانا ڕژاوە
وتم هاتوومە سەیری سیحری چاوت
وتی دوورۆ کەوە ئەتخاتە چاوە
وتم با بێمە سایەی چەتری گێسووت
وتی هۆشت ببێ کەی چەترە داوە
وتم وا دێمە بەر تاوی هەتاوت
وتی لاوە ئەسووتی بەم هەتاوە
وتم ڕێگەم دە بۆباغی گوڵانت
وتی ماری بە دەورا ڕاکشاوە
وتم قووتێ لە یاقووتت وتی قەت
بەشەر لێوی لە یاقووتم نەداوە
وتم عەترێ لە مشکی گیسوانت
وتی نە، ئەم خەیاڵە پووچە خاوە
وتم بینێرەوە دڵ هاتە باغت
وتی ڕێگەی نەجاتی بەستراوە
وتم خوێنم بە ناحەق بۆ ئەڕێژی؟
وتی ئاوێکە بۆ عاشق ڕژاوە
وتم «زاریناسناوی ئەدەبی» هەتاکوو کەی بناڵێ؟
وتی هەرتا لە تەنیا ڕۆح ماوە