بە چاوی مەست ئارامی منی برد

لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 1 خولەک  582 بینین
بە چاوی مەست ئارامی منی برد
بە تێغی ئەبرۆی دڵمی جنی ورد
وتم بازێکی ئازادە خەیاڵم
لە داوی زولفی خاوا پاوەنی کرد
پەنا بۆ کێ ببەم دادم بپرسێ
بڵێم دڵبەر ئەوەی کرد و ئەوەی برد
ژیانی بێ فەنا لەو داوە دایە
ئەوەی لەو داوەدا بمرێ مەڵێ مرد
بە قوربانی سەبا بێ گیان و ماڵم
کە پەیغامی بەهاری وەسڵی هاورد
ئەزانی بۆ دەماخم چاخە ئەمڕۆ
بەلامانا بە ناز ئەو شۆخە ڕابورد
شکەستی دا بە سەرو ئەم سەروە سەد جار
بە دوو نارنجی نەرمی پڕچنگ و گرد
قەڵەم لەت بێ زوبانی ئێمە نووسی
پەشیمانم چی بوو ئەم زوڵمە چم کرد
لە سەفحەی سینەدا دوو قوببە کافوور
دروس کریاوە بێ ئوستاد و شاگرد
لە شەرما گەردنی کەج بوو وەنەوشە
لە سەر ئەو ڕوویە ڕووبەندی کە لابرد
خەیاڵی من بە خەو ڕێی کەوتە باغی
کە پێی زانی لە هەردی باغی دەرکرد
وتی «زاریناسناوی ئەدەبی» بەشت لەم باغە نادەم
وتم وەعدەی من و تو حەشر و سەر پرد