حەجی فەقیرە جومعە هەر وەکوو فەرموویە پێغەمبەر
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
552 بینین
حەجی فەقیرە جومعە هەر وەکوو فەرموویە پێغەمبەر
لەم حەجە فەقیران هەتانە یەقین خەبەر
بۆ دەوڵەمەن خودا حەجی کردووە مەعلووم
ئێوەن کە هەموو جومعەیێ ئەکەن ئەگەر
لە کار دوو سەعات ببوورن لەبەر ئەدای
ئەم فەڕزە بۆ ڕەزای خوداوەندی دادگەر
بۆ مۆمینان جەژنە ئەڕێژێ خودا لەوە
سەر ئەهلی دین ڕەحمەت و فەزلی لە حەد بەدەر
ئەی ئەهلی دین کردنی ئەم نوێژە چاترە
لە گشت دەوڵەتی دنیا و هەموو کانی زێو و زەر
بێ عوزری شەرع تەرکی گوناهی کەبیرەیە
بۆ شاهـ و بۆ گەدا و بۆ بێکار و کاریگەر
ئەم نوێژە بە جەم لازمە بیکەین و نەفەوتێ
خۆمان با نەکەینە دەستەچیلە بۆ سەقەر
زوڵمێکە ئەی برای موسڵمان لە خۆت ئەکەی
فەوتاندی ئەم نوێژە لەبەر کاری بێ سەمەر
دارای لیباسی و لەشت ساغە توانای
عیللەت چییە ئەم واجبە ئەچوێنی ئەی بەشەر
لە کوێوە هاتووی تێفکرە بۆ کوێ ئەڕۆی
بێ تۆشە ئەهلی هۆش، کەی ئەڕوات بۆ سەفەر
ئەمڕۆکە تێ بکۆشە ئابڕووت با نەچێ
ئەو ڕۆژە کە دیوانی کردەوەت ئەکەی نەزەر
یا ڕەببی بە ڕەحمەت بدە تەوفیقی ئێمە بۆ
ئەدای فەڕزی خۆت و پەیرەوی ئادابی پێغەمبەر
تۆ دەستی ئێمە نەگری لە بەحری گوناهدا
غەرقین نییە واسیتەیێ پی بچینە دەر
سڵامی نوێژ کە دریاوە بڵاو بین، بکەن
داوای ڕزقی زۆر لە ڕەززاقی ڕۆزی دەر
بۆ ئێمە عارە «زاریناسناوی ئەدەبی» نەکەین خدمەتێ بە دین
هەر وەک ئەکەین خدمەتی کەوش و کەوا و پێچی سەر