بیستوومە مەڕێکی بەستەزوان

وتووێژێکی مەڕ لەگەڵ شوان
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
 2 خولەک  776 بینین
بیستوومە مەڕێکی بەستەزوان
تووڕە ببوو، ئەمەی ئەوت بە شوان:
ئەی لە ئینساف و پیاوەتی بێبەش
دڵ ڕەقی خوانەناسی نائینسان
تۆ مەگەر هیچ ئێش ناگا پێت
هیچ موحتاج نی بە ئاو و نان؟
بەدەنی تۆ مەگەر لە پۆڵایە
خوێنی تێدا نییە و ڕەگ و ئێسقان
بە هەوای گەرم و سەرد عاجز نیت
لە بەدەنتا نییە مەگەر تۆ گیان
پێم بڵێ بۆچی وا بە بێڕەحمی
قاچ و قولمان ئەدەیتە بەر گۆچان
گورگمان بۆچی تێ ئەکەیت و دوور
ڕائەوێسی و خۆت ئەکەی بە نەزان
دەفعەیێ تینوەتیت نەشکانین
ئاڵفی تۆی نەدیوە ئاخوڕمان
نیوەی وا لە برسا مردین
نیوەی تر لە تینوا خنکان
سوبح و ئێوارە پاک ئەماندۆشی
لە پەنیر و لە شیر و لۆرکمان
هیچ زانیوتە تا چ ئەندازە
پووڵ وەرئەگری و ئەیخەیە گیرفان
سوێر ئەبێ بۆ نەبێ دەمی ئێمەی
قوڕ بەسەر، دەفعەیێک بە خوێتان
ئاوگا بۆگەن و لەوەڕ بۆژە
پەچە ناخۆش و تەنگەبەر کۆتان
سم سواوین و دەم بلۆقاوی
گەنە تێداو و شەلکە بێ دەرمان
شیر چۆن بێتە گوانمان ئاخر
ئاو و ئاڵف ئەگەر نەدەن پێمان
بۆ تەماشای سفرەکەت ناکەی
شام و نەهار و وەختی بەرقلیان
چۆن ئەڕازێننەوە بە خۆراکێ
کە لە ئێمەی درووس ئەکا کابان
دووگی نەبێت چێشتی چەور
هەر لە خەودا مەگەر بدەن پێتان
کەشک و ڕۆنت لە شیری ئێمەیە بۆ
دۆکوڵیوی بەهاری و زستان
ماس و دۆمان بە فیڕۆ ڕۆیی
قات بوو تامی چێشت بۆ خێزان
گورگە دوا شوان، بێری دۆش ڕێوی،
مەشکەژەن ورچ و گوربەیە کەرەدان
مشک وا بەرگن و خوری خواردین
بێ بەڕە و بێ پڵاسە دیواخان
لایێکۆ گورگ بەرخ ئەڕفێنێ
لایێکۆ ورچ کۆز ئەکا تاڵان
خۆت دانیشتووی و بلوێرت
دەنگی ئەگاتە ئەسێرەی کەیوان
خوا هەڵئەگرێت نائەمینی، وا
نۆشی گیانت نەبێت شەرت و نان
وا مەزانە کە ئێمە بێ کەس بین
پرسیارێ ئەکات خاوەنمان
بێتو ئەم مێگەلەت بەرەڵڵا کەی
تۆش بەرەڵڵا ئەکات دەستی زەمان
ناڕەحەتیان ئەگەر بەخێو بکەی
پێت ئەڵێن گورگ، پێت ناڵێن شوان
چونکە شوانی مەقامی پیاوانە
تۆش شوانی بکە وەکوو پیاوان
«زاریاناسناوی ئەدەبی» بیستووتە بە شوانی
چی وەدەس کەوت مووسای عیمران