مەکەن ڕەشبەڵەک، ئەی موسڵمانەکان
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
627 بینین
مەکەن ڕەشبەڵەک، ئەی موسڵمانەکان
مەئاڵێنە یەک خانم و خانەکان
جڵەوتان نەکێشێ هەوا بۆ سەقەر
فریبتان نەدا نەفس، دێوانەکان
مەکەونە تەڵە و داوی مەکری هەوەس
مەکەن پەیڕەوی پیرە نادانەکان
بە فتوای کێ ڕەشبەڵەک بوو حەڵاڵ؟
چ شەرعێک ئەی خزم و بێگانەکان؟
بەمە ڕازییە نێر و مێ پێکەوە
بکەن ڕەقس وەک ورچی کوێستانەکان
بە تێغی جەفادا مەدەن جەرگی خۆ
مەکەن تەرکی ئایینی ڕێ زانەکان
وەکوو وەحش بۆ تێکەڵی یەک ئەبن؟
چ ڕەسمێکە ئەی شێوە شەیتانەکان
ژن و پیاو فڕدەن لیباسی حەیا؟
بڕەقسێن وەک مەستی مەیخانەکان؟!
مەگەر دەربەسی ئابڕوو نین، ئەدەن
بە دەس غەیرەوە دەستی کابانەکان
نەڵێن کەس بە ئێمەی نەوت وا ئەڵێم
مەکەن کاری وا لار حەیوانەکان
دەس و پەنجە و ڕوومەت و چاو و لێو
بە ئاور مەسووتێنن ئەی جوانەکان
ئەمە شێوەی ئادەمییەت نییە
ڕەوییەی شەیاتینە ئینسانەکان
نەکا خوا بڕێژێ بە سەرتاندا
غەزەب میسلی فیرعەون و هامانەکان
ئەوا پێم وتن کەیفی خۆتانە، ئەی
برا سم خڕە پشت مل پانەکان
لە «زاریناسناوی ئەدەبی» هەموویان عالمترن
وەلێ کوێرە چاوی هەوەسڕانەکان