ئەی سەبا هەستە ڕاکە مەردانە
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
2 خولەک
736 بینین
بۆ سەید عەبەشای دۆستی کە لە سەفاخانە ژن دێنێ و مامۆستا بەجێ ئەهێڵێ بە عەزمی گوێزانەوی ژنەکەی و زۆر درەنگ دەگەڕێتەوە. جا بەم شێعرانە داوای گەڕانەوەی لێ ئەکا:
ئەی سەبا هەستە ڕاکە مەردانە
ڕامەوێستە هەتا سەفاخانە
زیارەتی پیری خزر لە پێشا کە
ڕوو بساوە لە خاکی ئاسانە
بە ئەدەب ڕابوێسە گەردن کەچ
شەرح دە حاڵی ئێمە ژیرانە
بێژە ئەی پیری پاک و نوورانی
ئەی پەنای ئاشنا و بێگانە
بە پەلە هاتووم لە لوتفی تۆ
ئەمەوێ هیممەتێکی مەردانە
بۆ خەلاس بوونی خاتری «زاریناسناوی ئەدەبی»
لە خەفەت، چون دوچاری هیجرانە
دەستگیری و کۆمەکت بۆ کەی
بە خودا، ئینتهایە تەنگانە
وا سەری لێ شێواوە، نازانێ
کامیە دەرد و کامە دەرمانە
وا لە گێژاوی میحنەتا غەرقە
دەستی نەگری خەریک خنکانە
دایەنم گرتووی لە باتی ئەو
سا دەری لەم قوڕاوە بێرانە
چونکە کۆمەک بە حاڵی داماوان
وەسفی خاسی جەنابی شێرانە
عەبەشا بۆ ڕەوانە ناکەیتۆ
تا بکا فیکری ئەم پەرێشانە
بەسیە ئیتر گەزینی لەعل و سێو
بەسیە گوشینی ئەو هەنارانە
بەسیە ئەو سەیری باغی فیردەوسە
بەسیەتی کایە بەو شەمامانە
دەستە مل وا لەگەڵ دڵ ئارامە
مەحوی خاتریە ئەم پەرێشانە
پاش ئەم شەرحە بێرەوە بۆ دێ
بێژە بەو نووری دیدە و گیانە
کاکە وەسڵی گوڵت موبارەک بێ
تا زەمانە خەریکی گەڕیانە
بێرەوە فیکری کاری «زاریناسناوی ئەدەبی» کە
زارە، بێ تاوی هاتنۆتانە