بە ناز ئەو چاوە مەستانەت هەڵێنە
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
1 خولەک
694 بینین
بە ناز ئەو چاوە مەستانەت هەڵێنە
لەمە زیاتر قەرارم لێ مەسێنە
لە هەر گوڵزارەدا دڵ تێ ئەفکرێ
لە حوسن و دڵبەریدا نیتە وێنە
بە قوربانی قەدی سەروت، سەر و ماڵ
لە گێژاوی فیراقم، دڵ دەرێنە
شەوی دووری عەجەب تاریکە سا بۆ
تلووعی سوبحی وەسڵی ئەو ڕووتە بێنە
ئەوندە تیری موژگانت لە دڵ دام
لیباسم تار و پوودی، غەرقی خوێنە
بە هەر تا زوڵفت ئاوێزانە سەد دڵ
مەگەر ئەم کارەبایە، دڵ ڕفێنە
شکانی باری شەوقت گەردنی هۆش
خودا ئەم بارە چەن گەردن شکێنە
بە قەسدی دیتنی ڕۆژت لە پەردە
کە دەرهاتی، بە سەر هاتم، بە پێ نە
لە خاکی عیشقدا مەردانە «زاریناسناوی ئەدەبی»
وەرە غەیری وەفا تۆوێ مەچێنە