بردوویە بە غارەت دڵەکەم لەززەتی ڕەنگت
لە کتێبی:
دیوانی زاری
بەرهەمی:
زاری (1905-1982)
1 خولەک
950 بینین
بردوویە بە غارەت دڵەکەم لەززەتی ڕەنگت
ئادەی بدە ماچێ لە شکۆفەی دەمی تەنگت
بەم ئاوری شەوقم کە دەسووتێت کەژ و کێو
تەئسیری لەبەرچی نییە بۆ خاتری سەنگت
کێیە دڵی لەت لەت نییە بەو تێغی برۆتە
ئاخر چ نەچیرێ کە نەکوژرا بە تفەنگت
ئەکوژێتەوە سۆزم بە تکێ ئاوی تەماشا
گەر بێتە دەر ئەو ڕۆژە لە زوڵفی شەوەزەنگت
بێ نوورە کە دوو دیدە لە دووری شەمی گۆنات
ڕوونیان بکەوە چاوەکەم ئەم جارە بە ڕەنگت
بونیادی ژیانی منی زاری بە فەنادا
قەهری بە پەلە و مەرحەمەتی دوور و درەنگت
لوتفێکی شفابەخشە بە ڕەحمەت کە بپرسی
جار جارە لە سۆزی دڵی زەخماری خەدەنگت