ئەبێ نابێ

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  867 بینین
دڵ و ڕۆح و سەر و ماڵم بەقوربانت نەبێ نابێ
هەموو یارانی دڵپاکم بە حەیرانت نەبێ نابێ
لەڕێی دڵداری پێم خۆشە پەرێشانی، خەفەتباری
هەزاران کەس بە وێنەی من پەرێشانت نەبێ نابێ
چییە نەرخی دڵ و گیانی بە تیری غەمزە نەیپێکێ
سەر و گیان و دڵی ئێمە بە نیشانت نەبێ نابێ
ترووسکەی مەشعەلی شادی کە تۆ دوور بی لە من دوورە
ژیان خۆشیی هەتا چاوم لە چاوانت نەبێ نابێ
لە گوڵزارێکی زۆر خۆشا ژیانت بۆچ بەسەر نابەی؟
هەموو جوانیی جیهان گیانە سەیری سەیرانت نەبێ نابێ
نموونەی موعجیزەی یەزدانی تۆ وێنەت نییە بەخوا
فریشتەی عەرش و حۆری گەر بە میوانت نەبێ نابێ