پەریپەیکەر

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  470 بینین
ئەو یارە کە وەک پەریپەیکەر بوو
ئەمڕۆ بە لاما هات و تێپەڕبوو
نەیپرسی ئاخۆ بۆچی وەستاوم
لە حاڵی تاڵی من بێخەبەر بوو
لە دڵ کۆچی کرد هیوای دڵشادی
کۆشکی ئاواتم ژێرە و زەبەر بوو
لەم ژیانەما هەتا ئەم دەمە
بەشم لە دنیا هەر دەردیسەر بوو
ئەوەی کە سووتا لەناو دەروونا
گوێم لە قرچەی بوو بەندی جگەر بوو
بۆچیمە ئیتر ئەم گیانە پەستە
فریشتەی خۆشیم کە دەربەدەر بوو