یارەکەی چاوگەلاوێژ

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  412 بینین
یارەکەی چاوگەلاوێژ
دوور بە لە مەردی خوێنڕێژ
نزیکی من بە چاکە
دڵسۆزی تۆم و کەمبێژ
یەزدان بە حەق ئەناسم
گەرچی تەریکم لە نوێژ
داخی دووریی جەنابت
کردوومی دەبەنگ و گێژ
دڵبەندی عەشقی ڕووتم
ئارامی گیانم لە مێژ
لەڕێی گەیشتن بە تۆ
بڕیومە هەوراز و لێژ
لە عەشقی چاوی مەستت
منم شەرابی غەمچێژ
بەسەر ئەبەم بێئومێد
عومرێکی دوور و درێژ
دەسا بە ماچی لێوت
دەروونم بکە ساڕیژ
ئیتر خوا بمکوژێ
بمدەنە دەست لاشەنێژ