خۆزگە نەخوڵقامایە

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  438 بینین
خۆزگە سەد خۆزگە نەخوڵقامایە
ئەم چەرخە پەستەم هەر نەدیبایە
یاخۆ کە خوڵقام دوای دوو هەناسە
دڵم لە جووڵان ڕابوەستایە
یا لە بەرد و خاک لە دەشت و هەردا
وەک هەندێ گیاندار پەیدا بوومایە
لەگەڵ جانەوەر بوومایە هاودەم
پەیوەندیم لەگەڵ بەشەر نەبوایە
دۆستی جانەوەر بێزیانترە
لە هەندێ کەسان پیس و بەدغایە
ئەو کارە گەلێک مرۆڤان ئەیکەن
پڵەنگ و گورگیش لە دەستی نایە
شەیتان کە ئەڵێن بەدە و خراپە
لە چاو هەندێ کەس فریشتەی خوایە
ئەوەی کە ئەکرێ بەم ڕۆژگارە
لای مەردانی ژیر زۆر ئاشکرایە
خوایە لەم ژینە پڕ دەرد و ژانە
ڕزگارم بکەی ئەوەم تکایە