دڵم بۆ تۆیە

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  457 بینین
دڵم بۆ تۆیە و لای تۆیە و ئیتر هیچ
خەیاڵم خاڵ و ئەبرۆیە ئیتر هیچ
کە برسی بم هەژار و دەربەدەر بم
کە تۆم دی هەر ئەوەم هۆیە و ئیتر هیچ
ئەڵێن تەشریف ئەهێنی شەو لە مەشریق
بە شەو چاوم لە ئاسۆیە و ئیتر هیچ
لە ڕابردوو ئەبوورم چیم بەسەر هات
ئومێدم مەیلی ئەمڕۆیە و ئیتر هیچ
لە بێگانە دڵم دوورە لە ئازار
هەموو دەردم لە دەس خۆیە و ئیتر هیچ
ئەگەر تۆ ئەمکوژی ئازادی لای من
مەڵێ خوێنم لە ئەستۆیە ئیتر هیچ
لەناو باخا ئەوەی دڵخوازی تۆیە
گوڵاڵەی سوور و شەوبۆیە و ئیتر هیچ
بڵندیی تەبعی تۆم لەم نیشتمانە
میسالی شاخی ئاکۆیە و ئیتر هیچ
کە بترازێنی دوگمەی بانی سوخمە
ئەبینم جووتە لیمۆیە و ئیتر هیچ
خوا نەیکا کە بێ تۆ لێم بڕەنجی
بەشم گریان و ڕۆڕۆیە و ئیتر هیچ
لەسەر فەرمانی تۆ ژینم ئەسووڕێ
دلم تۆیە و سەرم گۆیە و ئیتر هیچ