خەریک ماوم

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  482 بینین
لە مەیدانی ژیانی تاڵ و تارا
خەریک ماوم تەریک ماوم لە ئارا
گەلێ زارم لە ژین بێزارە گیانم
پەژارەم وام لەناو دەریای جەخارا
هەراسانم لە جەوری خوانەناسان
پەرێشانم لە دەستی شێت و هارا
ئەگەرچی بێگوناهـ و زۆر کەساسم
لەلام زۆر باشە گەر بمکەن بە دارا
ئەوەی یارم بۆ ئێستا لێم بەقینە
لەگەڵ کەسدا نەما بۆمن مودارا
لە بەدبەختانی دنیا من سەرۆکم
نییە جێگەم لە زومرەی بەختیارا
هیوای ڕووناکی نابینم لە ئاسۆ
ئەژیم دایم لە گۆشەی تار و مارا
ئەوەی ئەمساڵە بێچاری کە من دیم
هەزار خۆزگەم بە حاڵی ساڵی پارا
کەسان شادن لە گوڵزار و چەمەندا
‎منیش کەوتووم لە غەمخانەی هەژارا