ئەی «عەلی مەردان»
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
694 بینین
ئەی عەلی مەردانکەس ئەی عەلی مەردان
ئەی پیری دەنگخۆش ئەی مەردی مەردان
ئەی جووڵێنەری هەست و هۆش و گیان
ئەی بەبادەری غەمانی ژیان
وا سوێندت ئەدەم من بە کوردستان
بە گیانی پاک و خوێنی شەهیدان
بە چاوی مەست و کیژۆڵەی کوێستان
بە ڕەنگی ئاڵ و گوڵاڵەی کەژان
بە بای نەسیمی خۆشی بەربەیان
هەم بە جریوەی مەلی گوڵستان
توخوا قەتارێک بڵێ زۆر بەجۆش
با پەستی دڵان بکەین فەرامۆش
بە جۆریک چیا بێنێتە لەرزە
بێنێتە خرۆش ئەهلی ئەم ئەرزە
تا ببێ ساڕێژ دەروونی زامار
تەفروتونا بێ هورژومی ئازار