تەرجیعبەندێکی بەناوبانگ
لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
3 خولەک
810 بینین
«هاتیفکەس»ی ئیسفەهانی لە سەدەی دوانزدەهەما ژیاوە. لەوانەیە کە بە شیعری سۆفییانەی جوان لە تەئریخی ئەدەبی فارسیدا ناویان دەرکردووە. بە تایبەتی تەرجیعبەندێکی بەناوبانگی کە ئەم پارچەی لای خوارەوە بەندی یەکەمیەتی، لەناو ناقیدەکانا بە هاوشانی غەزەلەکەی حافزی شیرازیکەس دانراوە کە ناوی «ئاهەنگی موغان»ە و وەرمانگێڕایە سەر کوردی.
ئەی بە سەرگەردی تۆ ببن دڵ و گیان!
وەی بە شاباشی ڕێت بچن دڵ و گیان!
دڵ بە سەرگەردی تۆ، کە تۆی دولبەر!
گیان بە شاباشی تۆ، کە هەر تۆی گیان!
دڵ فڕاندن لە چنگی تۆ چ گران
گیان فڕێدانە ژێری پێت ئاسان!
ڕێی ویسالت شەقامەڕێی بێ ترس
دەردی عەشقت پەتایی بێ دەرمان!
نۆکەرین، گیان و دڵ لەسەر دەستین
چاوەڕێی حوکم و گوێ شلی فەرمان!
گەر دڵت سوڵحی ئەوێ، هانێ دڵ!
بیری جەنگت ئەگەر هەیە، ها گیان!
دوێشەوێ من لە تاوی سۆزی عەشق
هەر خولم خوارد و هەر گەڕام حەیران!
تا لە ئەنجامی کارما شەوقم
کێشی کردم هەتاکو دەیری موغان!
دیم - بە دوور بێ لە چاوی پیس - خەڵوەت
پڕ لە شەوقم بە ئاگری یەزدان
لە هەموو لایەکا گڕێکم دی
وەک گڕێ دیی لە توور کوڕی عیمران!
پیرەکەی دەیر خەریکی ئاگر بوو
کۆڕی دەوری ئەویش کوڕانی موغان
هەموو ڕوومەت لە زیو و گوڵ روخسار
هەموو شیرین زوبان، دەم و لێو جوان!
«عوود و چەنگ و نەی و دەف و بەربەت
شەمع و نوقڵ و گوڵ و مول و ڕەیحان»
ساقی وەک مانگ بە ڕوو، بە موو موشکین
موتربیش خۆشبوێژ و نەغمەڕەوان
«موغ و موغزادە، مووبەز و دەستوور»
خزمەتی پیر بوو ئارەزووی هەموویان!
منی شەرمن لەبەر موسوڵمانی
چووم و خۆم خستە گۆشەیەک پەنهان
پیر وتی: «کێیە، کێ نییە؟» وترا:
«عاشقێکە گەڕۆک و سەرگەردان!»
وتی: «پێی دەن شەرابی ناب، گەرچی
خوڵکی نەکراوە هاتووە میوان!»
ساقیی ئاگرپەرست و ئاگردەست
جامی پڕ کرد لە ئاگری سۆزان
وەک فڕم کرد نە عەقڵ ما و نە دین
کەوتە سەر گڕ چ باوەڕ و چ گومان!
کەوتبووم مەست بەڵام دەمی مەستی:
بە زمانێ کە دوورە زۆر لە بەیان
ئەم قسەم هاتە گوێ لە گشت ئەندام،
تا ئەگاتە وەرید لەگەڵ شەرەیان:
کە یەکێکە و هەیە و ئەبێ و هەر بوو
«وحده لا اله الا هوعەرەبی»