گۆرانیی دەنکە گەنم

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 2 خولەک  1970 بینین
ناوی خوای لێ ئەهێنم
دەرکی عەمار ئەشکێنم
بە بار گەنم دەردێنم
لە ناو وەردا ئەیچێنم
وەک ئاڵتوون زەردە
پاک و بێگەردە
دەنکە گەنمم...
 
پۆلە چۆلەکەی سەر چڵ!
مشکی ناو کون! کرمی گڵ!
وردە مەلی سرک و سڵ!
تۆوم وەشاند پڕ بە دڵ!
ئەیگرێ خوا
هەرکەسێ بیخوا:
دەنکە گەنمم...
 
ئێستا وشکە، بێ گیانە
ئەم دەنکە گەنمە جوانە
دوو ڕۆژی تر بڕوانە
تەلیسمێکی ژیانە
خوا ئەفەرموێ
ئەویش ئەڕوێ
دەنکە گەنمم...
 
ئەبێ بە قەرسیلی شین
بەرز ئەبێتەوە چین چین
دیمەنێکی چەند شیرین
ئەبەخشێ بە سەرزەمین
خوا دای گیانی
خوا نەخشانی
دەنکە گەنمم...
 
گا و گوێرەکەی سەرەڕۆ
ئاژاڵی زیانەخرۆ
بەرازی شەخەڵی کۆ
دوژمن نەیخوا گەنم و جۆ
نەفرینی خوا
لەوەی بیخوا
دەنکە گەنمم...
 
بەهارێ قەف دەر ئەکا
گوڵ تا بەر سنگ سەر ئەکا
قەلاس نووک نەشتەر ئەکا
دڕک پاسی بەر ئەکا
بە شنەی با
شەپۆل ئەدا
دەنکە گەنمم...
 
ئەی خوای گەردوونە بەرزە!
دەغڵەکەم بپارێزە
لە سن و کوللە و تەرزە
ئەی خوای گەردوونە بەرزە!
هی تۆیە و من
نەک هی دوژمن
دەنکە گەنمم...
 
دەغڵم وەک ئاڵتون زەردە
وەرزێر! داس لە هەسان دە!
خۆت ئاسایی تەکان دە!
مەڵۆم بۆ لە خەرمان دە!
خەرمانی سوور
وەک کۆگای نوور
دەنکە گەنمم...
 
هەر دەنکە بوو بە هەزار
سوپاس بۆ تۆ کردگار!
بەشی تۆ و بەشی عەمار
بەشی دەسکورت و هەژار
هاتە بەرهەم
سوپاس ئەکەم
دەنکە گەنمم...