جگەرتانین
بە زمانی مناڵی ساواوە
لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
1 خولەک
909 بینین
جگەرتانین، ساواتانین
گوڵی باخچەی هیواتانین
بزەی ناو بێشکەین بۆ دایکان
ڕووناکیی چاوین بۆ باوکان
هێزی دواڕۆژی ئینسانین
بەکەڵک ئەبین هەروەک جوانین
ماوە مەدەن شەیتانی شەڕ
دەزگای کینەی بخاتە گەڕ
بە چەخماخەی تیشکی ئەتۆم
ئێسقانمانتان بۆ بکا بە مۆم!
ماوە مەدەن بێشکەی مناڵ
گڕ تێی بەربێ وەک کۆی زوخاڵ
ماوە مەدەن ڕووی ئەرز هەموو
بێتە هێلانەی بێ بێچوو!