چواردەی تەمووز

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  1024 بینین
تۆ ئاسۆی ئاواتی گەلی!
تۆ خۆشترین کاتی گەلی!
نوبەرەی خەباتی گەلی!
سەرەتا و هۆی هاتی گەلی!
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!
تۆ هەڵهاتی، شەو دوایی هات
ڕۆژی گەلی عیراق هەڵهات
ڕووناکی کەوتە ڕووی وڵات
بژی شۆڕش! بژی خەبات!
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!
دەزگای دەرەبەگی شکا
ئیمپریالیست ئابڕووی تکا
بێت و شەڕفرۆشی بکا،
سەر ئەماڵێ بە کوچکا!
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!
وڵات یەکسەر پێکەنینە،
بەم شۆڕش و ڕاپەڕینە
کۆتر سپی و ئاسمان شینە
ئاشتی هۆی شیرینیی ژینە
چواردەی تەمووز! چواردەی تەمووز!