سەگوەڕ

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  1044 بینین
بۆ ئەوانەی خۆیشیان ئەزانن کە لە ناحەق ئەگەفن!
توولەی دەرگای ئاغایان گشت
کلکی نایە سەر نەڕەی پشت!
سەری کێشا، دی: بنی ئاو
توولەی تیایە، سەرداکێشاو!
گوێچکەی قوت کرد... گوێچکەی قوت بوو.
کە بۆی مڕان... بۆی مڕان زوو
حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
- بتنێمە ژێر بە گاز، بە قەپ؟
- بتنێمە ژێر بە گاز، بە قەپ؟
- حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
- حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
- توولەی بن ئاو، سەگی خوێڕی!
وات لێ هات لە من بوەڕی؟
- توولەی سەر ئاو، سەگی خوێڕی!
وات لێ هات لە من بوەڕی؟
- حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
- حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
توولەی دەرگای ئاغایان گشت
وەک کەڵەشێر کلک لەسەر پشت
ئەوەن وەڕی... ئەوەن وەڕی
تا لە کاسە، چاو دەرپەڕی...
***
منیش هەندێ کەس، پاش ملە
لێم کەوتوونە تەقەی زلە
بەڵام، من وەک حەوزێکی مەنگ
هەرگیز لێیان نایەمە دەنگ!
با بۆ خۆیان هەر بگەفن؛
هەر خۆیان هەردوو تەرەفن!