پیسی عەرەق و شەراب

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  455 بینین
جارێکیان شەیتان چوو بۆ لای جوانێ
جوانێکی مەغروور ئەحواڵ نەزانێ
وتی من مەرگم وا هاتم بۆ لات
سێ شتم هێنا بۆ تۆ بە خەڵات
یا ئەبێ ئێستە سەر باوکت ببڕی
یا بە چەقۆیێ زک دایکت بدڕی
یا دوو سێ پیاڵە عەرەق بنۆشی
یا من ئەتکوژم کفن بپۆشی
جوانە تێفکرا کە عەرەق چاکە
داک و باوک کوشتن زۆر سەهمناکە
عەرەقی هێنا خواردی زووبەزوو
لەپاش نیو ساعەت تەواو سەرخۆش بوو
باوکی سەربڕی داکی لەت لەت کرد
هێشتا هەڵمەتی بۆ دراوسێ برد
خۆزگە داری مێو هەرگیز نەڕوابێ
یا ئەگەر ڕوا وشک ببوایێ
هەتا عالەمی شێت نەکردایە
ئابڕووی ئینسانی وا نەبردایە