پێستی ورچی نەکوژراو مەفرۆشە

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  492 بینین
ساڵێ ورچێکی دڕندە و چالاک
یاخی و پیاو خۆر، نەترس و بێ باک
چەن هەردەوانی زگ هەڵدڕی بوو
ملی چەن کەسی لەبن چڕی بوو
تەسادف پێستی زۆر قیمەتیە کرد
بێ دەس ئەیڕوانی و دەس داریش ئەیبرد
دوو نەفەر ڕاوچی کەوتنە سەر خەیاڵ
ئەم ورچە بکوژن سا بە هەر ئەحواڵ
هەر دوو بەجارێ ڕۆیین بۆ بازاڕ
پارە قەرز بکەن لای چەرچی و تجاڕ
ئەیانوت لە لای دووکان دارەکان
پێستی وا نەبوە لە دەورەی زەمان
بەناو یەک پێستە، بەقەی دوانە
بە پازدە دینار هێشتا هەرزانە
چییان لازم بوو جێبەجێیان کرد
چوون بۆ ورچە ڕاو ئەسپاییان برد
تفەنگی زۆر چاک فیشەک کارخانە
ئەتوت ڕۆستەمی مازەندەرانە
کە گەیشتنە هەرد ورچە بۆیان هات
یەکێکیان خێرا خۆی نەگرت هەڵ هات
چووە سەر دارێ هەروا زوو بە زوو
بەسەر داریشۆ قەراری نەبوو
ئەوی تر لەوی نەیتوانی ڕا کا
پەنا بەسەر لەق پۆپەی دار ببا
خۆی دا بە ئەرزا لەسەر لەپە و ڕوو
ئەژنۆی شکا بوو هیچ چاری نەبوو
ورچە هاتە لای بە بۆلە و گاڵە
کابراش خۆی کردە مردووی سەد ساڵە
ورچە بۆنی کرد بەسەر کابراوە
ڕوانی نەماوە بەڕووی دنیاوە
دەسی لێ نەدا و ڕووی کردە نزار
کە ورچە ڕۆیی لە دار هاتە خوار
وتی برا گیان دەمی نا بن گوێت
تۆ خوا پێم بڵێ ورچە چی وت پێت؟
وتی کاکەی خۆم ئەگەر چی مردم
نەسیحەتێکی باوکانەی کردم
وتی جارێ تر ورچی نەکوژراو
پێستی مەفرۆشە بە بارێ دراو
ئیتر وەسیەت بێ کە بە گوێی بکەم
جارێ تر ئاوا پەن بە خۆم نەدەم