خزمەتکاری خراپ

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  517 بینین
ساڵێ کابرایەک کردی بێسانێ
لە گوێ چەمێکا لە زیخەڵانێ
بێسان جا هەڵکەوت کاڵەکی گەورە
بێسانی وەها نەبوو لەو دەورە
بارێ کاڵەکی برد بۆ ئاغای دێ
بەڵکوو خەڵاتی چاکی بداتێ
ئاغا دێ پیاوێ قاپی وانی بوو
لە سەگ خراپتر پاسەوانی بوو
یەخەی کابرای گرت وتی ڕێ نییە
ئاغا نووستووە خەیاڵت چییە
کابرا بە ئومێد نەگەڕایەوە
کەر بە بارەوە ئەسووڕایەوە
قاپیوان وتی بە کابرای فەقیر
لە ڕیێ خودا دا بۆت ئەکەم تەکبیر
سەنەد بنووسە خەڵات و بەرات
ئاغا هەرچی دا نیوەی بە من گات
کابرا ناعیلاج سەنەدی نووسی
ئیتر قاپیوان هیچ لێی نەپرسی
چوە لای ئاغا کاڵەکی دانا
شێوەی بچووکی چاک بە جێ هێنا
ئاغا دەسی برد چوار دینار پارە
بەراتی فەرموو بۆ ئەو بێچارە
کابرا عەرزی کرد نامەوێ قوربان
ئەم چوار دینارە ئەکەم بە سننان
هەتا دە دینار ئاغا هەر بۆی چوو
فەقیر هەر نەیویست، ئاغا تووڕە بوو
کابرا عەرزی کرد بۆیە هاتمە لات
سەد شەقم ئەوێ لەباتی بەرات
ئاغا ئەمری کرد وەرن تێی هەڵدەن
بە هیچ کلووجێ ڕەحمی پێ مەکەن
پەنجایان لێدا زۆر چاک بە هەوەس
سەر پەنجاویەکە فەقیر وتی بەس
ئەو پەنجاکەی تر لەبۆ قاپی وان
سەنەدمان داوە لە بەینی خۆمان
ئاغا تەماشای سەنەدەکەی کرد
قاپی وانی گرت زوو بە دەست و برد
پەنجای تێ هەڵدا لەباتی حەق خۆی
پەنجای زیادەی حەواڵەی کرد بۆی
لەپاش سەد شەقە لەوێ دەرکرا
قاپیوانێ تر لەجێی دانرا
فەقیر و هەژار هەموو ڕزگار بوو
خاوەن کاڵەکیش بەخۆشی دەرچوو
هەر خزمەتکارە ئیشی وا ئەکا
ئابڕووی سەد ساڵەی ئاغای خۆی ئەبا
لازمە لەسەر ئاغای ساحێب ماڵ
خۆی تەماشا کا لە حاڵ و ئەحواڵ
نەوا سێسەدی مڵکی ئاغا بێ
لە نیوەی ساڵا بۆ نان داما بێ