گفتوگۆی گا و کەر

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  1193 بینین
گا وتی بە کەر مەرحەبا کاکە
چاکی چلۆنی ئەحواڵت چاکە؟
ئێستەش وەک جاران بارکێشی باری
یا لەبار کێشان تەواو ڕزگاری؟
خۆ شوکور ئاغا و حاجی دەوڵەمەند
بۆ بار هێنانیان وا لۆرییان سەند
گۆشتت ناخورێ بڵێم کەبابی
زۆر ناشرینی بۆ سوار بوون نابی
بەڕەڵات ئەکەن سەربەست و ئازاد
بسووڕێرەوە زۆر بە خاتر شاد
بارت لێنانێن هەر بنرکێنی
لەبەرەو ژوورە ئارەق بڕژێنی
نەقیزەی بزمار درووست ناکەن بۆت
بە هێواش هێواش بەئارەزووی خۆت
بگەڕێ لەناو دەشت و چیادا
خۆت بگەوزێنە لە مێرگی گیادا
بەڵام من جووتکەر هەر بەردە بارم
ئەڵبەت موستەحەق یا گوناحکارم؟
هەتا پیر ئەبم ئەمە حاڵمە
بە شەو و بە ڕۆژ ڕەنجی ساڵمە
کاتێ کە پیر بووم ئەمدەن بە قەسساب
قەسسابیش ئەمکات بە لوولەی کەباب
ئەم دیو و ئەو دیو چاک ئەمبرژێنێ
یا لەناو ڕۆنا هەڵم ئەقرچێنێ
بە هەرزان ئەمدات بە هەژارەکان
ئەمە حاڵمە لە دەورەی دەوران
وەرامی کەر:
کەر وتی ئەی گا بەخوا هیلاکم
لە ژێر بارکێشان تەواو خەمناکم
چوونکە ئوتومبیل بۆ پارە دارە
بۆ فەردە تووتن بۆ شارە و شارە
جاران من تەنها ئەمساڵ بۆ ئەو ساڵ
کاکێشانم بوو لەگەڵ داری ماڵ
بەڵام ئێستەکە ئەبێ بار بێنم
خێزان بەخێو کەم خۆیشم بخنکێنم
کراس کەیبانوو لاستیکی مناڵ
بۆم تەواو نابێ بە دە بار زوخاڵ
ئەبێ بیست بار بێ بە ناعلاجی
ئەوسا تەواو بێ قەرزی مام حاجی
خاوەنم سەلەم ئەکا بە تووتن
تووتنی نابێ دێتە ئەستۆی من
کاکە گیان بۆیە تەواو دڵ ڕێشم
بەشەو و بە ڕۆژ ئەبێ بار کێشم
من کەوا یەکجار ماڵم وێرانە
تا خەرج گران بێ بارم گرانە
بەڵام ئەی گاجووت موژدە بێ بۆ تۆ
کەوا تراکتۆر هاتووە ئەمڕۆ
نە جووتت هەیە نە بار نە گێرە
بۆ خۆت ئازاد بە لەم گەرمەسێرە
وەرامی گا جووت:
گا وتی بە کەر برای هاودەردم
لەمن خرابتر هەناسە سەردم
ناوی تراکتۆر لای ئێمە نییە
بەخوا نازانین تراکتۆر چییە؟
ئەگەر تراکتۆر ماڵی پارەیە
خاوەنەکەی من هەر ئاوارەیە
ئەمە دە ساڵە جووتی بۆ ئەکەم
پارەم لێ نەدی نە زۆر و نەکەم
خەمی خۆم ناخۆم هەر خەمی تۆمە
لەلای خۆی ئەڵێن چەرخی ئەتۆمە
بۆ چەرخی ئەتۆم ئەبێ هەر وابێ؟
کۆمەڵی جێماو هەر لە دوا بێ؟
سەد هەزار خۆزگەی هەژاران بە زوو
بە دەورانی بەرد کە زانست نەبوو