نەورۆزنامە
لە کتێبی:
گوڵاڵەی مەریوان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
1047 بینین
لاوی کورد نەورۆزە ئەمڕۆ کاتی کشت و کاڵتە
کاتی سەیری دۆڵ و شیو و سەرکەژی خاڵ خاڵتە
تا بەکەی هەر ئارەزووی دانیشتنی ناو ماڵتە
تا بەکەی کۆڵ کێشی خەڵق و پۆش و دڕک و داڵتە
هۆشی نانی خۆتی بێ ئەمڕۆ کەوا سەر ساڵتە
چاوی نووستن هەلێرە و بنواڕە دەشت و کۆهسار
خۆت و گاجووتت بەجارێ بچنە مێرگ و مێرغوزار
تۆ بە هێز و زۆری بازووت، ئەو بەشانی پڕ دەمار
بەرگی زستانی فڕێ دە و هەستە بۆ سەر ئیش و کار
ڕاپەڕە ئەم ڕۆژە ڕۆژی خزمەتی منداڵتە
بێنە سەر مەیدانی غیرەت بۆ ژیانی نیشتمان
دەستی یەک بگرن بە هیممەت پشتی یەک بگرن جوان
دەنگی ئازادی و برایی با بگاتە ئاسمان
سەیری ئەم شاخ وچیایە چۆن بە چاوی چاوەڕوان
چاوەڕوانی هەڵمەتێکی ڕەنجی شان و باڵتە
لاوی خوێن گەرمم درەنگە بێنە بەزمی هات و چوو
تێبکۆشین بۆ وەتەن هەرتا دەرێنین ئابروو
چاوی بەرزۆ کەو بێنە حاڵی خاکت زووبەزوو
نیشتمانت کانی زێڕ و زیوە بۆ دەستەی عەدوو
تۆ کە نانی جۆت ببێ ئەو ڕۆژە جەژنی ساڵتە
هەڵکە باڵی نیشتمانی بیری میللی بێنە سەر
خوێنی بەدگۆی نیشتمانت زوو بڕێژە بێ خەتەر
تابەکەی پەستی و پەشێوی ئەی گرۆهی پڕ هونەر
وادراوسێ سواری با بون چونە ناو کورەی قەمەر
تۆ تەریق نابیتەوە کوردە ئەمە ئەحواڵتە
وا بەهارە و سەرکەوە بۆ سەر ملە و ئێڵاخ و گرد
ئاوڕێکی دەوری خۆت دە و تێ بفکرە دەس و برد
بێنە بەر چاوت نموونەی میوەهاتی زبر و ورد
گەر بەچاوی نیشتمانی سەیری خاکی خۆتت کرد
ئەوروپا موحتاجی میوەی وشکی ئاڵ و واڵتە
لاوی خوێن گەرمم بزانە خاکەکەت هەر نێعمەتە
حورمەتی خاکت بزانە موستەحەقی حورمەتە
مەعدەنی زیو و تەڵایە کانی دوڕ و سەروەتە
پێت بڵێم ئەم خاکە کامە تا بزانی جەننەتە
یادگاری هۆزی ماد و زەند و پووری زاڵتە
کوانێ لاوی تۆڵە سێنم بۆچی ئەمڕۆ ون بوون
کوانێ شێری شێر شکارم ڕێگەیان گووم کردوون
کوا سوارەی ڕم وەشێنم بو لا ڕێتا دەرچوون
داخی داخانم وەتەن ئەردەڵانت نوستوون
ئەو کەسەی قوربانی تۆ بێ قانعناسناوی ئەدەبیی بێ ماڵتە