خەمخۆری

لە کتێبی:
گوڵاڵەی مەریوان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  776 بینین
سەرم ناوێ کە فیزی بە گلەری و سەرداری بنوێنێ
دەمم ناوێ کە تیکەی زل زلی تەنهایی بگلێنێ
دەڕەببی کەڕ ببێ گۆیێ نەبیسێ شینی هاوخوێنی
خوا ئەو چاوە با کوێر بێ کە چاو بۆ خەڵقی هەڵبێنێ
لچێ خوێنی فەقیری پێ مژن یاڕەببی دابڕزێ
زمانێ بەد بڵێ هێندە بماسێ خێوی خنکێنێ
دە بەسراوی کەلەبچەی دەستی زاڵم بۆ نەبێ دەستێ
کە ئەو دەستە بەشی بێدەستەڵاتی بگرێ بیڕفێنێ
لە کۆتی حاکما ڕەببی بمێنێ تا دوا عومری
قول و قاچێ کە بۆ هاواری خەڵقی سستی بنوێنێ
وەرە بنواڕە کاکم لافی خەمخۆری منی لێدا
کەچی بۆ تاکە یەک ئانە سەری سەد وەک من ئەشکێنێ
نەبوو دەستێ لە کوردستانەدا بێ پارە و ئومێد
کە پشتی بێ سەر و پێیێ بە دڵسۆزانە بخورێنێ
نظامی عالەمی هێندە بەلاری دێتە پێش چاوم
ئەگەر سەد جارە پینەی کەن ئەپچڕێ و تازە نامێنێ
مەگەر دەستی تەبێعەت وەرگەڕی و بیخاتە سەر باری
کە ڕیشەی ئەهلی ئەم عەسرە بەدەستی جەور دەربێنێ
لەپاشا دایکی ئەم خاکە کوڕێکی تازە پەیداکا
ئەویش تێکۆشێ وەک قانعناسناوی ئەدەبی براکانی بلاوێنێ