هاودەردەکەم
لە کتێبی:
گوڵاڵەی مەریوان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
909 بینین
ئەوەی مەحرەم بە دەردم بێ سەبایە
ئەوەی دەس خاتە سەر شانم، عەبایە
کراسێکی سەبووریم، کردە بەر خۆم
گڕی جەرگم سووتانی هەر کەوایە
تەپو کۆی دووکەڵی دڵمە لەسەر سەر
ئەڵێی تاج و نیشانەی پادشایە
چەواشەی چەرخی چەپگەردە ئەنیسم
لەبیری خەم نەچووم، هەر وەک برایە
فەلەک بەردی بە سەرمادا، پزیسکەی
لە تاریکی شەوی بەختم چرایە
کە من موڵکی نەبوونی، مڵکی خۆمە
لە پێش چاوم هەزار کیسرا بە کایە
هەتا دوڕی نەفیسی نکتە خۆش بێ
مەڵێن «قانعناسناوی ئەدەبی» لە دنیادا، گەدایە!!