وەرە قوربان لە سەیری جەژنی قوربان

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  982 بینین
وەرە قوربان لە سەیری جەژنی قوربان
کە سەیری وای نەدیوە ڕووی دەوران
لە شَوّالعەرەبیا وتی پێم دایکی منداڵ
موهەیا بە لە بۆ تەجهیزی قوربان
نەوەک ئەم جەژنی ڕابردووم بەسەر بێ
بەکاسەی ڕەش لەگەڵ کۆشێ مناڵان
بەوەڵڵا سەد غەرام ڕۆنم ئەوێ لێت
لەگەڵ مشتێ برنجی بێ درو و دان
چڵێ پیاز و ئوێچێ نۆکە ڕەشکە
دوو سێ دانە هەڵووژەی کۆنی ساڵان
نەڵێی هەرزن هەیە بۆ نانی جەژنت
کولێرەی جۆم ئەوێ بۆ نانی دیوان
ئەمانە پێم وتی نەیخەیتە پشت گوێ
ئەگەر نایکەی ئەڕۆمۆ بۆ مەریوانشوێن
وتم خانم لە ڕێی جوانی و لەقای خۆت
عەفوو فەرموو بڕۆ بیانوی فەراوان
کە من ناوی مەلایی تەوقی مل مە
چ تەکلیفێ ئەکەی شێتی نادان؟
ئەگەر من مقتدر ڕۆن و برنج بم
بە قانعناسناوی ئەدەبی چۆن ئەبم مەشهووری دەوران؟
خولاسە هاتە سەر چنگ، دایکی منداڵ
لە چاوی بەد بەدوور بێ دێوی مەیدان
تەکانی دا هەڵیگرت کلکە بێڵێ
گەهێ زرمە لە سەرم و گاهێ ناو شان
لە زرمەی لیس و قیژە و باوکە ڕۆی من
هەڵپژان نۆکەر و بەگزادە و خان
سوئالیان کرد چیە ئەم زرم و کۆیە؟
وتم فریا کەون ئەهلی موسوڵمان
کە حاڵی بوون لەسەر ئەسپابی جەژنە
برنج و ڕۆنیان دامێ بە ئیمان
دە جەژنی وا خودا نەیدا بە هیچ کەس
موبارەک با نەبێ تا خەتمی دەوران